بەغدا - INA
ئەمرۆ پێنج شەممە" لەتیف جەمال ڕەشید" سەرۆك كۆمار ، لە بەغدا پێشوازیكرد لە "موحسین مەندەلاوی " جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران .
سەرۆكایەتی كۆمار لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی تیایدا هاتووە : لەكۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاته سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەكان لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تاوتوێكران .
وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی پێداوە : چۆنیەتی فراوانكردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاریكاری نێوان سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێكران بەمەبەستی یاسادانان و پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی كە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە : هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵەكانی حكومەت لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری تاوتوێ كرا و ئاماژە بە گرنگی پاڵپشتیكردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری كرا بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەكانی هەموو خەڵك بۆ ژیانێكی سەقامگیر لەبواری ئەمنی و ئابووریدا.