بەغدا-INA
ئەمڕۆ پێنج شەممە"محەمەد شیاع سودانی" فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ،پڕۆژەی ژمارەی فریاکەوتنی یەکگرتووی (911)ی کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران بۆ ئاژنسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سودانی " فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران، پڕۆژەی ژمارەی فریاکەوتنی یەکگرتووی (911)ی لە بەڕێوەبەرایەتی وەڵامدانەوە و کۆنترۆڵی ناوەندی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کردەوە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : سەرۆک وەزیران داوایەکی ئاڕاستەی گشت دامودەزگاکان کرد و گرنگی ئەم پڕۆژەیەی دووپاتکردەوە کە یەکێکە لە ئامانجەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئەمنی و خزمەتگوزاری،و بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوەی خێرا بۆ فریاکەوتن، و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا،بۆ ڕاگەیاندنی حاڵەتە کتوپڕ و گومانلێکراوەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە: کە ژمارەی (911) تەنها هێڵێکی گەرم نییە،بەڵکو بڕبڕەی پشتی سیستەمی وەڵامدانەوەی فریاکەوتنە، و دانراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی یەکگرتوو بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە خزمەتگوزاری و ئەمنییەکانی دیکە، بە شێوەیەک کە باشترکردنی کارایی و زیادکردنی ئاسایش و چەسپاندنی متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوە ئەمنییەکان زیاتر بکات.
سەرۆک وەزیران ووتیشی : ئەم پڕۆژەیە، یەکەمە لە جۆری خۆی لە عێراق، و گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە گۆڕینی دیجیتاڵی و پەیوەندییە نوێیەکان دروست دەکات،ئەوە جگە لە سەپاندنی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پۆلیسی و مرۆییەکان.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : بەڕێوەبەرایەتی (وەڵامدانەوەی خێرا و کۆنترۆڵی ناوەندی/911) لە وەزارەتی ناوخۆ دروست کراوە، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ژمارە (1)ی ساڵی 2024 بە ئامانجی یەکخستنی هەموو ژمارە فریاکەوتنەکان کە 26 ژمارەن، لە یەک ژمارەدا کە (911)ە، بە مەبەستی دڵنیابوون لە خێرایی وەڵامدانەوە بۆ ڕووداو و حاڵەتە کتوپڕەکان، وەک ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ئاگرکەوتنەوە و تاوانەکان، لەگەڵ وەرگرتنی زانیاریی ئەمنی و سکاڵا و پرسیارەکان و ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، و دامەزراندنی (51) وێستگەی وەڵامدانەوەی لاوەکی لە سەرتاسەری عێراق، بە ستافی پسپۆڕ کە چەندین زمانی بەکارهاتوو لە عێراق دەزانن.