بەغداد - INA
سەرۆكایەتییەكانی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیان لەسەر پێویستی پشتیوانی حكومەت لە تەواوكردنی بڕگەكانی بەرنامەكەی كرەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆشكی بەغداد سەرۆكایەتییەكان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، كە تیایدا سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مەحمود مەشهەدانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فائق زێدان ئامادەبوون .
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ساڵی 2025 و پێویستی دابینكردنی پێداویستی لۆجستی و تەكنیكی بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرا.
سەبارەت بە كاروباری دارایی و مەسەلەی جووڵەی پارە و دارایی وەزارەت و پارێزگاكان لەبودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان تاوتوێ كرا و تەئكید لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانی دامەزراوەكان و وەزارەتەكان كرایەوەو پەیڕەوكردنی ستانداردەكانی كۆنتڕۆڵ و پێداچوونەوە بەخەرجییەكان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و كەمكردنەوەی گەندەڵی .
هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، لەكۆبوونەوەكەدا باس لەدواكەوتنی پێشكەشكردنی چەند پڕۆژە یاسایەكی گرنگ كرا كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە ئامادەكرابوو بۆ دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و تەئكیدیش لەسەر پێویستی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەنێوان سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران كرایەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسا دواكەوتووەكان بخەنە بەرنامەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەوە بەهۆی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی و كاری هاوڵاتیانەوە.
هەروەها كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی حكومەت كردەوە لە تەواوكردنی بڕگەكانی بەرنامەكەی لەڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و باشتركردنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان و پاڵپشتیكردنی ئابووری عێراق و هاندانی كەرتی تایبەت بەشێوەیەك كە یارمەتیدەر بێت لەبەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر.
سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی ناوچەكەش تەئكیدیان لەسەر پتەوكردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە و گرنگی پشتیوانیكردنی هەوڵ و تەقەلا نێودەوڵەتییەكان كردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكان و دۆزینەوەی چارەسەری كێشە و گرفتەكان لەڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەرەوە كە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز بكات.