بەغداد - INA - نەسار حاج
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دیپلۆماسیەتی عێراق سەروەری زمانی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكە و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان چەسپاندووە، لە جوڵەیەكی ماندوونەناسانەدا بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بە زنجیرەیەك سەردان و كۆبوونەوەی ئاست بەرز، ئەمڕۆ بە سەردانێك بۆ ئێران و دیداری لەگەڵ رابەری ئێران سەید عەلی خامنەیی و سەرۆك كۆمار مەسعود پزشكیان كە لە ئەنجامدا لێكتێگەیشتنی لێكەوتەوەو بەیاننامەكان جەختیان لە كردەی هاوبەش و هاوكاری بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و دوو هێندەكردنی هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كردەوە.
لوتكەی سیاسەتی هاوسەنگی عێراق
ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەران پەرلەمانتار روقیە نوری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند، سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی بۆ ئێران گرنگە، چونكە وەك درێژەپێدەری سەركەوتنی عێراق دێت لە دروستكردنی سیاسەتێكی هاوسەنگ كە ڕێز لە بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی عێراق بگرێت، لە كاتێكدا ناوچەكە شاهیدی گرژیی گەورەی نێوان هێزە گەورەكانە، هەروەها بۆ گفتوگۆكردن لەسەر فایلە گرنگەكان كە پەیوەندییان بە زۆرێك لە لایەنە ئابووری و ئەمنییەكانەوە هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ناوچەكە بەدەست دۆخێكی گرژییەوە دەناڵێنێت و پێویستمان بە دیدگایەكی هاوبەشە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەكە. جا ڕۆژهەڵات بن یان ڕۆژئاوا.
رونیشیكردەوە: پەرلەمان هەمیشە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكاتەوە و ئەمەش ئەوەیە كە حكومەتی سەرۆك وەزیران زیاتر لە جارێك و زیاتر لە بۆنەیەكدا جەختی لەسەر كردووەتەوە.
رۆڵی سەرەكی عێراق لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكە
لە بەرامبەردا، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری سیاسی فەرهاد عەلائەدین، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، هەنگاوێكی گرنگە بەرەو پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەسەر ئاستە جیاوازەكان، بەتایبەتی ئابوورییەكان، چونكە گرنگی بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە دەدرا كە پێشتر واژۆكرابوون، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هاوكارییەوە هەیە لە بوارەكانی وزە، بازرگانی و ئاو.
ئاماژەی بەوەشكرد: سەردانەكە بەشدارە لە بەهێزكردنی گفتوگۆ لەسەر پرسە ئەمنییەكانی هاوبەش، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جگە لەوەش ئەم سەردانە سەكۆیەك پێكدەهێنێت بۆ بەرزكردنەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش و بنیاتنانی بناغەی نوێ بۆ هاوكاری بەردەوام كە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەكە دەكات.
پەیوەندی قووڵی نێوان عێراق و ئێران
لای خۆیەوە سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر و توێژەر لە كاروباری سیاسی ئەحمەد ئەڵوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: عێراق و ئێران پەیوەندییەكی مێژوویی و جوگرافی قووڵیان هەیە جگە لە بەرژەوەندی هاوبەش كە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی ئابووری و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و سەردانەكەی سەرۆك وەزیران لە چوارچێوەی پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دووقۆڵیانە دێت بۆ خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەل لەڕێگەی پەرەپێدانی هاریكارییەكان لە بوارەكانی وزە و بازرگانی و ئاسایش و پابەندبوون بەو ڕێككەوتنانەی كە لەنێوان هەردوولادا واژۆ كراوە، عێراق ئەمڕۆ كار دەكات بۆ پتەوكردنی پێگەی خۆی وەك دەوڵەتێكی ئەكتیڤ لەواقیعی ناوچەكە هاوسەنگی نێوان هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی ڕۆڵێكی پۆزەتیڤ ببینێت لەبەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاشتی و عێراق لەڕێگەی ئەم سەردانەشەوە هەوڵدەدات هاوبەشی ستراتیژی لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و سەروەری نیشتمانی دروست بكات بەجۆرێك بوونی عێراق وەك یاریكەرێكی سەرەكی لەناوچەكە و پشتیوانی دیالۆگی نێوان وڵاتان بەهێزتر بكات.
لە بەرامبەردا شرۆڤەكاری سیاسی غالب دەعمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ ئێران بەشدارە لە پتەوكردنی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسە ئابوورییەكان، بەتایبەتی لە بواری وزە و گاز، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت بڕیارەكانی سەبارەت بە بەدیلەكان بدات”، و وتیشی: ئەو بێلایەنییەی عێراق پەسەندی كردووە، پێگەی خۆی وەك میحوەرێكی لێكنزیكبوونەوە بەرز دەكاتەوە نەك میحوەرێكی ململانێ، بەتایبەتی كە عێراق ئەمڕۆ بەرەو بێلایەنی هەنگاو دەنێت و عێراق لە ململانێی سوریا دوور دەخاتەوە و توخمێكی چارەسەری ئەرێنی لە ڕێگەی پەیوەندییە جیاوازەكەی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە حەمزە مستەفا شرۆڤەكاری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ ئێران زۆر گرنگە و عێراق هەڵگری پەیامێكی گرنگە لەو چوارچێوەیەدا كە توانای خۆی پشتڕاست دەكاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێكی كاریگەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكان و چارەسەركردنی قەیرانەكان بە پەیڕەوكردنی دیپلۆماسی دیالۆگ.