هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بە سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و دیدار و كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی باڵای دیكەی ئەو وڵاتە كرد و ڕوونیكردەوە كە لە كۆبوونەوەكاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتیی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێكهاتەكان و ئاشتی و ئارامی ئەو وڵاتە كرایەوە.
لە بڕگەی یەكەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری لەبارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایەڕوو، كە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی روونكردنەوەیەكدا بۆ ڕایگشتی خستبووەڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانكراو لەناو خشتەكانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناكۆكی و كێشەیەكی نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ راسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حكومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە لە كۆی تەرخانكراوی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ كە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجكردووە، بۆیە حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرجكراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی دیكەی هەرێمی خەرجنەكردووە لە تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
دواتر لە لایەن عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێك لەبارەی ئیعتمادكردنی ژمارەی كەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواكراوەكان بۆ بەغدا خستەڕوو، كە بەم هەنگاوەش، كۆتایی بە بیانووی حكومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری كرد، لە ئامادەكردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفیی مووچەخۆران.
بڕگەی كۆتایی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) كە قۆناخێكی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەكان و یەكە ژمێریارییەكانیان لە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كە لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلكترۆنی ئامادە دەكرێت و بەبێ كەموكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەكرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە: كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێكردووە و لە هەوڵەكانیشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵە تەواوكاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، كە بەداخەوە بەهۆی ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025داین و مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە كاتێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەكانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەكانی مووچەی چارەسەركردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەكەشی بە تەواوی و بەبێ كەموكوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.