بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لیوا تەحسین خەفاجی، گەیشتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو لە كۆریای باشوورەوە بۆ عێراق ڕاگەیاند.
خەفاجی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ، رایگەیاند: گرێبەست هەیە كە لە ماوەی ئەمساڵدا 2025 لە بوارەكانی بەرگری ئاسمانی و هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا جێبەجێ دەكرێن، جەختیشیكردەوە: ئەمساڵ شایەتحاڵی هاتنی چەكی پێشكەوتوو دەبین بۆ بواری بەرگری ئاسمانی، بەتایبەتی لە كۆریای باشوورەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: سیستەمی بەرگری نوێ كە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە هاوردە كراوە، بەم نزیكانە دەگاتە فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی، لەوێش بۆ چارەسەركردنی ئامانجە ئاسمانییەكان بەكاردەهێنرێت.
ئاشكرایكرد: گرێبەستێك لەگەڵ فەرەنسا كراوە بۆ دابینكردنی هەلیكۆپتەری فرە مەبەست، و پاڵپشتی لۆجستیكی بۆ هێزە زەمینیەكان دابین دەكات، هەروەها ڕاداری پێشكەوتوو دەگاتە دەستیان، وەك وەزیری بەرگری پێشتر ئاماژەی پێكردووە.
هاوكات خەفاجی، ستایشی پاڵپشتی گەورەی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی كرد لە پڕچەككردن و پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا و بەرگری ئاسمانی، جگە لە تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ ئەم كارە.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، محەمەد شیاع سودانی پێشتر دووپاتیكردەوە: كە حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق و پەرەپێدانی تواناكانی و تەیاركردنی بە نوێترین و پێشكەوتووترین چەك، هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد: كە حكوومەت ئەركی گرنگیدان بە ئەندامانی سوپاكەمان لە پێشەنگی ئەركەكانیدا داناوە.