تاران - INA - دورەید زوهەیر
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، داوایكرد گفتوگۆیەكی هەمەلایەنەی ناوچەیی بكرێت كە بەغداد میوانداری بكات، كە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری دەكات و متمانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەرزدەكاتەوە، وتیشی: عێراق ئامادەیە هاوكاری هەموو لایەنەكان بكات بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری لە سوریا.
سەرۆك وەزیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران مەسعود پزشكیان، كە ئەمڕۆ لە تاران لەگەڵ بەڕێوەچوو، و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەیبوو، رایگەیاند: پێزانینی خۆمان بۆ سەرۆك مەسعود پزشكیان دەردەبڕین بۆ بانگهێشتكردنی بۆ سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە چوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دێت، و وتیشی: لە كۆبوونەوەی فراوانی نێوان شاندەكانی هەردوو وڵات، پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئایینییەكانیان تاوتوێ كرا ، لەوانەش ڕێككەوتن و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن، بەتایبەتی كە دەرئەنجامی هەیە لە میانەی دوایین سەردانی سەرۆك پزشكیان بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆبوونەوە دووقۆڵییەكان لەسەر ئاستی وەزارەتەكان ئەنجامدەدرێن بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر وردەكارییەكانی پەیوەست بە پڕۆژە هاوبەشەكان لەبواری كارەبا و هاوكاری بۆ دابینكردنی غاز بۆ عێراق، وتیشی: باسمان لە پرسە گرنگەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كرد، دیارترینیان دۆخی ناوچەكە بوو، جەختیشمان لەوە كردەوە كە گەشەپێدان و هاوبەشی ئابووری ڕێگای ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەیە.
رونیشیكردەوە: بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژانە دەكەین كە لە ئێستاوە دەستمان بە كاركردن كردووە، بەتایبەتی هێڵی شەمەندەفەری بەسرە- شەلامچە بۆ گواستنەوەی سەرنشین، و شارە پیشەسازییە هاوبەشەكان و ڕێگای وشكانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و وڵاتانی ناوچەكە.
سەربارەت بە بارودۆخی ناوچەكەش سەرۆك وەزیران، داوایكرد گفتوگۆیەكی هەمەلایەنەی ناوچەیی بكرێت كە بەغداد میوانداری بكات، كە زامنی ئاسایش و سەقامگیری بكات و متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەرزبكاتەوە، و جەختیشی لە پێویستی گرتنەبەری زمانی دیالۆگ وەك باشترین ڕێگا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان كردەوە.
تەئكیدیشیكردەوە: كە عێراق بە پەرۆشە بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمیەكان ، بەشێوەیەك كە بەرژەوەندی هەمووان بەدەستبهێنێت، و جەتیشیكردەوە: لە ڕەتكردنەوەی زمانی هەڕەشەكردن و بەكارهێنانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا ، چونكە تەنها دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران و گرژیی زیاتر.
هەروەها تەئكیدیكردەوە: لە پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، و وتیشی: عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی لە ئیدانەكردنی شەڕی جینۆساید دژی گەلی فەلەستین لە غەززە و ناوچە داگیركراوەكان دووپاتدەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بە ئامانجكردنی سیستماتیكی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگری هەیە، لە ڕوانگەی تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە شكستی هێناوە لە ئەركی خۆیدا بۆ ڕاگرتنی پێشێلكاری و تاوانە گەورەكان كە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەكەن، و وتیشی: ڕێگای سەقامگیری ناوچەكە ڕاگرتنی ئەم شەڕە ماڵوێرانكەرەیە، هەروەها دەستەبەركردنی مافی چارەنووسی گەلی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی ئازادی خۆیانە.
هاوكات هەڵوێستی پتەو و هەوڵەكانی عێراق لە پشتیوانیكردن لەو ئاگربەست و ئارامییەی كە لە لوبنان ڕوویدا و ڕۆڵی لە ئاوەدانكردنەوەی لوبنان و غەززە دووپاتكردەوە.
سەبارەت بە دۆخی سوریاش سەرۆك وەزیران رایگەیاند: سەقامگیری سوریا كلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەكەیە و داوای چارەسەرێكی سیاسی گشتگیری كرد كە سەربەخۆیی و سەروەری سوریا بپارێزێت و دەستێوەردانی دەرەكی سنووردار بكات.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكرایكرد: ئێمە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سوریا دەگرین، هەروەها پشتیوانی لە هەر سیستەمێكی سیاسی یان دەستووری دەكەین كە لەلایەن سوریاوە هەڵبژێردرابێت، بەبێ دەستوەردانی دەرەكی، وتیشی: عێراق ئامادەیە بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری لە سوریا، و گەیشتن بە گواستنەوەیەكی ئاشتیانە بۆ ڕژێمێك كە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا بێت لە هەموو رەنگ و مەزهەبەكانیاندا، هەروەها لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەڵوێستی ئێمە پتەوە لە وەرگرتنی زمانی دیالۆگ وەك میتۆدێكی نمونەیی بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان وڵاتان، و تیشی: عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی دەجوڵێت، هەروەها بە سیاسەتێكی سەربەخۆ و هاوسەنگ كە هەوڵدەدات سەقامگیری ناوچەكە بەرزبكاتەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بنیات بنێت.