زایەر عەبدوڵڵا دڵێكی سپی بوو لەرۆژێكی ڕەشدا

هونەر
  • 5-01-2025, 16:24
  • +A -A

    هەولێر -  INA
    بڕیارە رۆژی پێنج شەممە داهاتوو و رێكەوتی 9-1-2025 سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان /لقی هەولێر بەهەماهەنگی پارێزگای هەولێر لە هۆڵی پێشەوای وەزارەتی رۆشنبیری چلەی ماتەمینی بۆ هونەرمەند زایەر عەبدوڵًڵا ساز بكات.
    سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان/ لقی هەولێر، بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر چلەی ماتەمینی بۆ هونەرمەند (زایەر عەبدوڵڵا) سازدەكات
    ئەكتەری دیاری دڕاما و شانۆ وسینەما زایەر عەبدوڵڵا ئینسكلۆپیدیاییەكی گەورەی هونەری نواندنی كوردی بوو،ئەو چەندین بەرهەمی بەپێز وناوازەی خستە ئەرشیفخانەی هونەری كوردی.
    ناوی تەواوی (زاهیر عەبدوڵڵا خدر)ە، ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی لە تەیراوە تەواوكردووە،ساڵی 1972 كاتێك مامۆستا (سەباح عەبدولڕەحمان و تەحسین تەها) لە چالاكی قوتابخانەكان بوون سەردانی ناوەندی جمهوری دەكەن و لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی هەڵیدەبژێرن و لە شانۆی (ئەنجامی پۆل پەرستی) بەشدار دەبێت لە نووسینی حەمە كەریم هەورامی و دەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحمان ئەمەش دەبێتە دەسپێكی كاری هونەری.
    ساڵی 1981 لە دوا قۆناغی ئامادەیی پیشەسازی بووە لەلایە ن ئەمنی هەولێر دەستگیر دەكرێت لەسەر ڕێكخستنی (كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان) كە ئازاد دەكرێت لە خوێندن (فەسڵ) دەردەكرێت.
    هونەرمەند لە پۆلی (5)ی سەرەتایی بووە لە چایخانە كاری كردووە پارەی ڕۆژانەكەی دەكردە دەخیلە و پەرتووكی پێ دەكڕی، زاهیر عەبدوڵڵا هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند (شیرین سابیر) كردووە،خاوەن پێنج منداڵە كە سێ كوڕ و دوو كچن، هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بە بینینی فیلمە سینەماییەكان و دراما و شانۆگەرییە كوردییەكان سەرسام بووە و وای لێهات بێتە مەیدانی هونەر و یەكەم مامۆستای هونەرمەند (سەباح عەبدولڕەحمان) بووە، لە شانۆگەری (هەبوو نەبوو) سەرەتا ڕۆڵی قوماشفرۆشی هەبووە ،جوانە مەرگ ڕۆڵی (ئۆمەر چاوچنۆكی) بینیوە بەڵام مەرگ ڕێی پێنەدا بۆ تەلەڤزیۆن بەشدار بێت بۆیە لە شوێنی ئەو هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ڕۆڵەكەی بینی ئەو ڕۆڵەی قوماشفرۆشیش هونەرمەند (قاسم عەزیز) بینی.
    دوای ڕاپەڕینی 1991 یەكەم بێژەری تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان و دەستەی دامەزرێنەری ئەم تەلەڤزیۆنە بووە، ماوەیەك بەڕێوەبەری پەرتووكخانەی گشتی هەولێر -زەیتونە بووە.
    بەرهەمەكانی: (ئەنجامی پۆل پەرستی 1972) (خۆتان بگرن هات 1979) (هەبوو نەبوو 1980) (مالەی سەرگردەكە 1981) (محەمەد و سێوێ 1981) (سوورمەخان 1983) (گەڕەكەكەمان 1983) (قەڵای دم دم 1984) (خانەدان 1984) (ئاسكە 1985) (گوڵی نهێنی 1986) (ماڵی نوێ 1986) (خاتو كڵاوزەر 1987) (كۆلارە 1987) (كەونە دەركە 1989) (گوڵاڵە) (قەرەج 1989) (مەڕانە 1989) (زولەیخا 1989) (بەرنامەی زووم زووم 1992 -1995) (كەوەكانی قەرەچوغ 1993) (بەرنامەی (بەرنامەی بەرنامە) لە تیڤی كوردسات/ شارەكەمان 2007) (شەوچرا) (حەسەنە فەندی) (سێ چاو) (هاوارێك لە حاجی قادری كۆیە)،(ئادیابین 2023).
    هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی 2019 كتێبێكی بیرەوەریی بڵاوكردەوە بەناوی (تەیراوە هەربە پیاسە)، كە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەكات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم كتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە و لە ئێستاشدا دوای خانەنشینبوونی رۆمانێكی بەناونیشانی (رەحەتی لوقم) بڵاوكردەوە.
    لە ڕێكەوتی 23-11-2024 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردووە.