بەدواداچوون-INA
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کە بیرکردنەوەی ئەرێنی کاریگەری ئەرێنی لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن و بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش هەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز ) ئەنجامدراوە،ئەو کەسانەی کە خاوەن ڕوانینێکی گەشبینانەن، بە بەراورد لەگەڵ کەسانی ڕەشبیندا، سێیەکیان کەمتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.
لەلایەکی دیکەشەوە،توێژینەوەیەک لە زانکۆی (کانساس) سەلماندوویەتی کە کەسانی خاوەن بزەی بەردەوام،سیستەمی بەرگرییان بەهێزترە و کەمتر دووچاری بەرزی پەستانی خوێن و لێدانی خێرای دڵ دەبنەوە.
پسپۆڕانی بواری پزیشکی ئاماژە بەوەش دەکەن کە مەرج نییە مرۆڤ هەمیشە و لە هەموو ساتێکدا دڵخۆش و گەشبین بێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لە کاتە گونجاوەکاندا ڕووخۆش و گەشاوە بێت،هەرچەندە ئەمە بۆ هەندێک کەس ئەرکێکی قورسە،بەتایبەتی ئەوانەی ڕانەهاتوون لەسەر گەشبینی یان ئەوانەی بە بەردەوامی بە ڕەشبینی بیردەکەنەوە.
پزیشکان بۆ کەسانی خاوەن بیرکردنەوەی ڕەشبینانە پێشنیاز دەکەن کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو بیرکردنەوەی ئەرێنی بڕۆن بۆ نموونە:
- لە جیاتی "من شکستم هێنا" بڵێن "من لە بوارەکانی دیکەدا سەرکەوتووم.
- لە بری "من ناتوانم" بڵێن "هەوڵ دەدەم باشتر بم.
- لەجیاتی خۆ سەرزەنشتکردن، هانی خۆیان بدەن بۆ سەرکەوتن و هەوڵی بەردەوام.