بەدواچوون-INA
میدیای ئەڵمانی هەڵسەنگاندن بۆ سەردانی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆ دیمەشق دەکات
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەڵمانیا خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ سەردانی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بێربۆک و هاوتا فەڕەنسییەکەی بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا هەیە.
ڕۆژنامەی ناوداری "بیلد" لە باسکردنی سەردانەکەدا دەڵێت: سەردانی دوو وەزیرەکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیستەمی خوێندنی سوریادا ڕاگەیەنران کە شڵەژانێکی بەرچاویان دروستکردووە،هەر لەم بارەیەوە، گۆڤاری "دێر شپیگڵ"یش وتارێکی لەژێر ناوی "دیدارێک بەبێ تەوقەکردن" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە سەرکردایەتیی نوێی سوریا دەکات.
گۆڤارەکە نوسیویەتی : لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا"ئەنالینا بێربۆک" لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکیان دا بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا لەخۆبگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی سوریا لە قاهیرە بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند کە بەپێی ئەو بڕیارە:
- پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی هاوڵاتیانی سوری بێبەرامبەر دەکرێت
- درێژکردنەوەی پاسپۆرت بۆ شەش مانگ بە خۆڕایی و بۆ یەک جار دەبێت
- دەرکردنی بەڵگەنامەی گەڕانەوە بۆ سوریا بێبەرامبەر دەبێت
ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی ڕێنماییە نوێیەکانی "ئەنەس شەیبانی" وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی سوریا دێن.
هەروەك باڵیۆزخانەکە ڕوونیشیکردۆتەوە کە بڕیاری نەدانی کرێ تەنیا پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان دەگرێتەوە،بۆ مامەڵەکانی دیکە وەک تۆمارکردنی بارودۆخی شارستانی و بریکارنامە و پسووڵەی بازرگانی و وەرگرتنی کرێ هەروەک خۆی دەمێنێتەوە تا ڕێنمایی نوێ دەردەچێت.