بەغدا-INA
ئەمڕۆ شەممە "محەمەد شیاع سودانی " سەرۆک وەزیران،جەختی کردەوە لەسەر پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پتەوکردنی یەکڕیزی و پشتیوانی لە نێوان ڕۆڵەکانی نیشتمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوون لە تەواوکردنی ڕەوتی بنیاتنانی دەوڵەت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:
"محەمەد شیاع سودانی " سەرۆک وەزیران ،لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عوزما "سەید محەمەد باقر حەکیم" کە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو،لە میانی وتارێکیدا باسی لە کەسایەتی ئایەتوڵڵا عوزما سەید "محەمەد باقر حەکیم " کرد وەک هێمایەکی نیشتمانی و جیهادی و ئایینی بۆ سەرجەم عێراقییەکان، کە لە ماڵی مەرجەعیەتی پیرۆزدا گەورە بووە و زانست و مەعریفەی لێوە وەرگرتووە.
سودانی ڕاشیگەیاند: دوژمنانی عێراق پڕۆژەی دابەشکاری و تایفەگەریان هەڵگرتووە، بۆیە ئەم کەسایەتییە مەزنە و سەدان نوێژخوێنیان لە حەرەمی ئیمامی عەلی کردە ئامانج. ناوچەکەمان لە زیاتر لە ساڵێکە گۆڕانکاری گرنگی بەخۆیەوە بینیوە کە گۆڕانی سیاسی کاریگەری لێکەوتووەتەوە.
هەروەك ڕوونیشیکردەوە:
سیستەمێکی دیموکراسی فرەیی هەیە کە هەموو لایەک لەخۆ دەگرێت و گۆڕینی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە و چاکسازی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا دەستەبەر دەکات،کەس مافی ئەوەی نییە چاکسازی بەسەرماندا بسەپێنێت، سەرەڕای دانپێدانانمان بە پێویستی چاکسازی لە بوارە جیاوازەکاندا.
سەرۆک وەزیران "سودانی" درێژەی قسەکانی لەچەند خاڵێکدا خستەڕوو:-
• عێراق بە خوێنی شەهیدان و لە پێشیانەوە سەید حەکیم گەیشتە ئازادی،تا دیکتاتۆریەت بە خۆڕاگری و ئازایەتی عێراقییەکان و ڕەتکردنەوەی ستەم ڕووخا.
• حکومەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی زیاتر لە 60٪ بەرنامەی حکومی جێبەجێ بکات و چەندین چاکسازی بنەڕەتی لە بواری کارگێڕی و ئابووریدا ئەنجام بدات.
• هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و سەرژمێری دانیشتوان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ کراون.
• پێداگری لەسەر پاراستنی سەروەری تەواوی عێراق و دوورخستنەوەی لە هەر کۆت و بەندێکی میراتی کە جووڵەی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سنووردار دەکات.
• هەوڵی بەردەوام دراوە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ لە مانگەکانی ڕابردوودا.
• داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانیان کە نەیانتوانیوە ڕێگری لە دەستدرێژی و ستەم بکەن و داوای هاوکاری خێرای بۆ هاوڵاتیانی غەززە و لوبنانی کرد.
• جەختی کردەوە لەسەر پێویستی بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پتەوکردنی یەکڕیزی و یەکدەنگی لە نێوان ڕۆڵەکانی وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوون لە ڕەوتی بنیاتنانی دەوڵەت.
لە کۆتاییدا قسەکانیدا "سودانی " جەختی کردەوە: کە کارمان کردووە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە بوون بە گۆڕەپانی جەنگ لە مانگەکانی ڕابردوودا، بە ڕاوێژ لەگەڵ برایان و دۆستان و بە پشتگیری بەردەوامی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان،هەروەك جەختی کردەوە لەسەر یارمەتیدانی خەڵکی غەززە و لوبنان کە لە دۆخێکی دژواردا دەژین.
لە یادی ١٠٤ ساڵەی دامەزراندنی سوپادا... مێژوویەکی گەشاوە و سەرکەوتنەکان لە داستانە گەورەکاندا