سەرۆک کۆمار: پابەندین بەوەی ڕێگە نەدەین خاکی عێراق ببێتە سەکۆیەک بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ

سیاسی
  • 4-01-2025, 12:30
  • +A -A

    بەغدا-INA
    ئەمڕۆ شەممە "لەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار،جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی لە عێراقدا کردەوە. هەروەها پابەندبوونی عێراقی دووپات کردەوە بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ پەلاماردانی هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
    لە وتەیەکیدا لە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدکردنی ئایەتوڵڵا سەید "محەمەد باقر حەکیم" کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ڕووماڵی دەکرد "لەتیف جەمال ڕەشید" ووتی: ئەمڕۆ یادێکی پڕ ئازار بۆ هەموومان دەکەینەوە، یادی شەهیدکردنی ئایەتوڵڵا "سەید محەمەد باقر حەکیم" ئەو ڕۆژە خەباتکارێک و تێکۆشەرێکمان لەدەست دا کە ژیانی تەرخان کردبوو بۆ ئازادی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دادپەروەر و دەوڵەتی ئازادی و دیموکراسی.
    ووتیشی: خوالێخۆشبووە رۆڵی بەرچاوی هەبوو  لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت و زوڵم و زۆریدا، هەروەك ڕۆڵی هەبوو لە یەکخستنی هەوڵ و تواناکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی عێراقی،دواتریش ڕۆڵێکی بەرزی هەبوو لە یەکخستنی عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و ڕەنگ و مەزهەبەکانیانەوە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دیموکراسی فیدراڵی.
    سەرۆک کۆمار ڕاشیگەیاند کە لەدەستدانی ئەو کەسایەتیە مەزنە زیانێکی گەورە بوو، بەڵام دڵنەواییمان بەردەوامبوونە لە کارکردن بۆ ئەو بەهایانەی کە سەید شەهید و گشت شەهیدانی ئازادی خۆیان بۆ بەخت کرد،کە بەهاکانی ڕاستی و دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتی بووە.
    لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر خواستی عێراق ،بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سەختی گەلی خۆشەویستی سوریا، لە ڕێگەی پشتگیری کردنی لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتە سەربەخۆکەی لەسەر بنەمای دیموکراسییەکی دادپەروەرانە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزێت.
    هەروەها ووتیشی: لەم ڕێگەیەدا پشتگیری و هاوهەڵوێستی خۆمان بۆ گەلی خۆشەویستی لوبنان دووپات دەکەینەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، و بەردەوام دەبین لە پشتگیری کردنیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەیرانەکە لەسەر ژیانی لوبنانییەکان،هەروەها پێداگری دەکەین لەسەر گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزی گەل لە لوبنان و مافیان لە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر و دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو شار و گوند و دامەزراوانەی لە جەنگدا زیانیان پێگەیشتووە.
    ئەوەشی خستەڕوو : ساڵێکمان بەڕێکرد کە لەسەر ئاستی هەرێمی، ساڵی کارەساتی جەنگەکان بوو، ئەمەش پێویستی بە کار و هەوڵی گەورەی ئێمە هەیە لە ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، هەروەها پێویستی بە پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نائاساییە، و دواتریش بۆ پشتگیریکردنی گەلانی خۆشەویستمان لە فەلەستین و لوبنان و سوریا.
    لە بەشێکی تری قسەکانیدا  "سەرۆک کۆمار " دووپاتی لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی لە عێراق کردەوە،و لەو ڕوانگەیەشەوە ووتی:  ستراتیژی وڵاتەکەمان ،لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی و یەکێتی و ئاسایش و سەلامەتی عێراق دامەزراوە و پابەندین بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژی کردنە سەر هەر وڵاتێکی دراوسێ.