بەغدا-INA
ئەمڕۆ پێنج شەممە"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،لەگەڵ "عەدنان دەرجاڵ" سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دۆخی هەڵبژاردەی نیشتمانی و ئامادەکارییەکانی بۆ یاریەکانی داهاتوو تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،پێشوازی لە "عەدنان دەرجاڵ " سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە: لە دیدارێکدا باس لە دۆخی هەڵبژاردەی نیشتیمانی و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتوو و چارەنووسی پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی2026 کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر لەدەستنەدانی دەرفەت بۆ بەدیهێنانی خەونی عێراقییەکان لە گەیشتن بە جامی جیهانی، بەتایبەتی دوای بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی (کەنداو26)،کە هەڵبژاردەی وڵات تیایدا بە ئەنجامێک
دەرچوو کە لە ئاستی خواستی جەماوەردا نەبوو.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "سودانی" جەختی کردەوە لەسەر گرنگی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لەلایەن هەمووانەوە بۆ گەیشتن بە مۆندیال و بەدیهێنانی خەونی عێراقییەکان لە نوێنەرایەتیکردنی وڵات لە گرنگترین ڕووداوی تۆپی پێ لەسەر ئاستی جیهان،هەروەك جەختیشی کردەوە لەسەر پشتگیریی بەردەوامی حکومەت بۆ هەڵبژاردە و یەکێتی تۆپی پێ لەم ئەرکە نیشتیمانییەدا، و گرنگی بەردەوامبوونی جەماوەر و میدیا لە پشتیوانیکردنی هەڵبژاردەی نیشتیمانی لەم ئەرکەدا.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران باسی لە خولی پیشەگەرانی عێراق و دابینکردنی هەموو پێداویستیەک کرد بۆ سەرکەوتنیان،لەبەر کاریگەرییەکەی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی یانەکان و یاریزانان و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاستی هەڵبژاردە نیشتیمانییەکان و یانەکان لە پێشبڕکێ دەرەکییەکاندا و ئەوەی حکومەت پێشکەشی دەکات بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە،دوای واژۆکردنی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی خولی ئیسپانی (لا لیگا).
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە :لە دیدارەکەدا پڕۆژەی "خەون" بۆ گرووپە تەمەنییەکان خرایە ڕوو، کە یەکێتی تۆپی پێی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی خولی ئیسپانی سەرپەرشتی دەکات، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێدەکات.