بەرگری فینلەندا كشانەوەی سەرجەم سەربازەكانی لە عێراق ڕادەگەیەنێت

ئەمنی
  • 1-01-2025, 19:11
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی بەرگری فینلەندا گەڕانەوەی دوا سەربازی خۆی لە عێراق لە كۆتایی ساڵی 2024 ڕاگەیاند، كە بەشدارییان لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەكانی داعش لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا كرد.
    لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەكەدا، كە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وەرگێڕدراوە، دەڵێت: چەتەكانی داعش زۆربەی ئەو زەوییانەیان لەدەستداوە كە كۆنتڕۆڵیان كردبوو، بەڵام هێشتا مەترسی دروستدەكەن، ئەمەش داوای بەردەوامبوونی شەڕی دژی تیرۆر دەكات.
    بەیاننامەكە راشیگەیاندووە: هەرچەندە بەشداریكردنی فینلەندا لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كۆتایی هاتووە، بەڵام كاریگەریی هەوڵەكانی بۆ ماوەیەكی زۆر دیار دەمێنێتەوە، بەو پێیەی ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی كە لەلایەن هێزەكانی فینلەنداوە پێشكەشكراون بەشدارییان كردووە لە بەرزكردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی ناوچەكانیان و دڵنیابوون لە سەلامەتی دانیشتوانی ناوچەكە.
    رونیشیكردەوە:  لەگەڵ هێوربوونەوەی بەشێكی ڕەوشەكە لە ساڵی 2019، ڕۆڵی فینلەندا لە پێشكەشكردنی ڕاهێنانەوە گۆڕا بۆ گرنگیدان بە چالاكییەكانی پاراستن و ڕاوێژكاری بەردەوام، بەو پێیەی ڕاوێژكارە فینلەندییەكان پاڵپشتی پەرەپێدانی توانا ئەمنییەكانی هێزە عێراقییەكانیان كرد لە ڕووی ئاستی تاكتیكی و ئۆپەراسیۆنییەوە.
    ئاماژەی بەوەشكردووە: فینلەندییەكان هاوبەشی زۆر ڕێزدار و پێزانینیان هەیە، چ سەربازی پیشەیی وڵاتانی دیكە و چ دانیشتوانی ناوچەكە.
    ئاشكراشیكرد: پیشەیی بوونی هێزەكانی فینلەندا و هەڵوێستە ئەرێنییەكانیان پاڵپشتی ئەو هەوڵانەیان كرد بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكە و شكستپێهێنانی داعش.
    لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوەشكراوەتەوە: هەرچەندە بەشداریكردنی فینلەندا لە ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵاین كۆتایی هاتووە، بەڵام بەردەوامە لە پاڵپشتی و پەرەپێدانی كەرتی ئەمنی لە عێراق لە ڕێگەی بەشداریكردنی لە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق (NMI).
    راشیگەیاند: ئامانجی چالاكی ڕاوێژكاری جێبەجێكردنی چاكسازیی بەرفراوان و درێژخایەنە بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق و بەڕێوەبردنیان بە هاوكاری هاوبەشە ناوخۆییەكان، كە پاڵپشتی پەرەپێدانی ژینگەی ئەمنی عێراق دەكات.
    ئاماژەی بەوەشكرد: شارەزایانی فینلەندی بۆ ماوەیەكی زۆر بەشدارییان لە پەرەپێدانی كەرتی ئەمنی لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكەدا كردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ دروستكردنی دامەزراوەی سەقامگیر و دادپەروەرانە.
    جەختیشیكردەوە: چالاكییە ڕاوێژكارییەكان وەك بەشێكی سەرەكی هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەكەدا دەمێننەوە، فینلەندایش بەردەوام دەبێت لە كارەكانی لەم پرۆسە گرنگەدا كە ناتۆ سەركردایەتی دەكات.