بەغدا-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی دارایی ڕەتیکردەوە کە کەمی نەختینە هەبێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئێستا و جەختی لە پابەندبوونی بە دابینکردنی مووچەکان کردەوە.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە و باس لە دواکەوتن لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ ئەم مانگە بەهۆی کەمی نەختینە، تەواو نادروستن و هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستی یەوە نییە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردۆتەوە کە بە تەواوی پابەندە بە پرۆسەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران،بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری مووچەی وەزارەتەکان و پارێزگاکان و فەرمانگە نەبەستراوەکان بەوەزارەتەکان بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ئێستا دابینکردووە بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ هەر یەکێکیان،و بەردەوامیشە لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی خەرجکردنی شایستە داراییەکان بەبێ هیچ دواکەوتن یان بڕانێک.
وەزارەت داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە وردبین و وریا بن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و دڵنیابن لە سەرچاوەی هەواڵەکان پێش بڵاوکردنەوەیان،هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات کە دەرگاکانی کراوەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە.