بەدواداچوون-INA
بەڕێوەبەرانی پەیمانگای کۆریای پێشکەوتوو بۆ زانست و تەکنەلۆجیا (KAIST) لە پێشکەوتنێکی گرنگ و نوێدا بۆ چارەسەری شێرپەنجە، تەکنیکێکی نوێیان داهێناوە کە خانە شێرپەنجەییەکانی ڕیخۆڵە دەگۆڕێت بۆ خانەی ئاسایی بەبێ لەناوبردنیان.
لەم توێژینەوە نوێیەدا کە پڕۆفیسۆر (کوانگ هیون چۆ ) لە بەشی ئەندازیاری بایۆلۆجی و مێشک سەرپەرشتی کردووە،ڕێچکەیەکی تەواو جیاوازی لە چارەسەری باوی شێرپەنجە گیرتۆتەبەر، کە لەبری کوشتنی خانە شێرپەنجەییەکان کە زۆرجار کاریگەری لاوەکی توندی هەیە و مەترسی دووبارە گەڕانەوەی نەخۆشییەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەم ڕێگە نوێیە پەنا دەباتە بەر گۆڕینی خانەکان.
لەوبارەیەوە پڕۆفیسۆر (چۆ ) دەڵێت: ئەوەی کە خانە شێرپەنجەییەکان دەکرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ خانەی ئاسایی دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە و ئەم لێکۆڵینەوەیە دەیسەلمێنێت کە دەکرێت ئەم پێچەوانەکردنەوەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیک ئەنجام بدرێت.
تیمی (KAIST ) لە ڕێگەی دروستکردنی هاوتایەکی دیجیتاڵی بۆ تۆڕی جینەکان کە لە پرۆسەی جیاکردنەوەی خانە ئاساییەکاندا بەشدارە، توانیویانە شیکردنەوە بۆ کارلێکە ئاڵۆزەکانی نێوان جینەکان بکەن، ئەم هەنگاوەش یارمەتی داون لە تێگەیشتن و کۆنترۆڵکردنی ئەو پرۆسەیەی کە خانەکان تێیدا دەگۆڕێن.
گرنگی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە کە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ نەوەیەکی نوێی چارەسەری شێرپەنجە،هەرچەندە ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنها لەسەر شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەنجام دراوە،بەڵام دەکرێت بۆ جۆرەکانی تری شێرپەنجەش بەکار بهێنرێن. توێژەران هیوادارن بە بەکارهێنانی تەکنیکی هاوتای دیجیتاڵی لەسەر تۆڕە جینییە جیاوازەکانی شێرپەنجە، بتوانن کلیلی هاوشێوە لە حاڵەتە جیاوازەکاندا بدۆزنەوە.