سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ کارەکانی تیمی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ پرسی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە دووپاتدەکاتەوە

سیاسی
  • 29-12-2024, 15:08
  • +A -A

    بەغدا-INA
     ئەمڕۆ یەکشەممە"محمد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران،پشتگیری خۆی بۆ ڕێکارەکانی تیمی نیشتیمانی دەربڕی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا لە پرسی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە:  سەرۆک وەزیران "محمد شیاع سودانی " سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تیمی نیشتیمانی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە و کارایی وزەی کرد.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون و پێداچوونەوە کرا بۆ ئەو ڕێکارانەی کە تیمەکە گرتوویەتیەبەر، لە ڕێگەی دەستپێکردن بە دانانی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوە لە باڵەخانە حکومییەکان وەک قۆناغی یەکەم،بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستەمی کارەبا و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی بەرهەمهێنانی وزە و ڕێکخستنی بەکارهێنانی.
    هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران،پشتگیری خۆی بۆ ڕێکارەکانی تیمی نیشتیمانی دووپات کردەوە کە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و بنەڕەتییە لە پرسی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە.
    هەروەك ڕوونیکردەوە : کە ئەم هەوڵ و کۆششانە لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کاری حکومەتدان،بۆ بەدەستهێنانی زۆرێک لە تواناکانی کارەبا کە دەکرێت لە وزەی خۆرەوە بەرهەم بهێنرێت، لەگەڵ کاریگەری ئەم هەنگاوانە لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و کەمکردنەوەی ڕێژەکانی دەردان لە شارەکان، و کەمکردنەوەی دەرچووە زیانبەخشەکان.