بەغدا - INA
سەرچاوەیەكی باڵای ناو شاندی عێراقی كە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا كۆبووەتەوە، وردەكاری كۆبوونەوەكە و ئەو دۆسیانەی ئاشكراكردووە كە لە دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر كراوە.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: ئەو گفتوگۆیانەی شاندی عێراقی بە سەرۆكایەتی حەمید شەتڕی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەنجامیاندا، ئەمنی بوون و تیشكیان خستە سەر ئەو دۆسیانەی پەیوەستن پێیەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد : شاندە عێراقیەكە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا گفتوگۆیان كرد لەبارەی پاراستنی سنووەكان وهاوكاری لەسەر رێگریكردن لەگەڕانەوەی چالاكییەكانی چەتەكانی تیرۆرستانی داعش وهەروەها پاراستنی ئەو زیندانانەی كە چەتەكانی داعش لەناو خاكی سوریا هەیە.
هەروەها ووتیشی : شاندە عێراقییەكان تێڕوانین و داواكارییەكانی عێراقیان سەبارەت بە ڕێزگرتن لە كەمینەكان و مەزارگە پیرۆزەكان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەشكرد : عێراق وڵاتێكی كاریگەرە لە ناوچەكەدا و دەبێت بە لۆژیكی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی ئێستا بكرێت.
جەختیشی لەوە كردەوە كە ئیدارەی نوێی سوریا پشتیوانی خۆی بۆ داواكاری و نیگەرانییەكانی عێراق دەربڕی سەبارەت بەو دۆسیانەی باسیان لێوە كراوە.
وتەبێژی حكومەت باسم عەوادی ئەمڕۆ پێنجشەممە پشتڕاستی كردەوە كە شاندێكی عێراقی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری حەمید شەتڕی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق كۆبووەوە و پێشهاتەكانی سوریایان تاوتوێ كرد و پێداویستییەكانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.