بەغدا-INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە "محەمەد شیاع سودانی "سەرۆک وەزیران،جەختی لەسەر چاودێری بەردەوام و ورد لەبارەی بوونی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : "محەمەد شیاع سودانی " سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە "باسم محەمەد بەدری " سەرۆکی دەستەی باڵای نیشتیمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری و ئەندامانی دەستەکە کرد.
وەک ڕاگەیەندراوکە ئاماژەی پێداوە : لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر ئەو کارانەی کە دەستەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامی داون لە بواری بەدیهێنانی دادپەروەری لە عێراق، و چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی قۆناغی تاریک و پێشێلکارییە ئاشکراکان دژی مرۆڤایەتی، کە سیاسەتەکانی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس هۆکاری بوون، و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر بە گەلی عێراق لەو قۆناغەدا ئەنجام داوە، هەروەها گفتوگۆکرا لەسەر ئەو کارانەی کە ماون لە بواری جێبەجێکردنی یاسا و ئەو ئەرک و ئامانجانەی کە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری لەسەری دامەزراوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران ڕێنمایداوە بە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی وردی حکومەت، کە تیایدا سەرجەم ڕێکارەکان و ئەو داتایانەی بەدەستی هێناون و ئەو کارانەی کە ماون بەپێی دەستوور و یاسا کە بۆیی دیاری کردووە جیبە جێیان بکات، ئەمەش بەپێی ئەو ڕەشنوسەی کە پەرلەمان لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 دەنگی لەسەر داوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی حکومەت لە چاودێریکردنی ورد بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ لە گۆڕەپانی عێراقی سەبارەت بە بوونی پاشماوەی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە،یان هەر ڕێکخستنێک کە پەیوەندی بە حزب و بیرە دوژمنکارییەکانی ڕژێمی لەناوچووی کۆنی هەبێت کە بوویە هۆی وێرانکردنی عێراق و ئازاردانی خەڵکەکەی، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵیان بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق.