بەغدا-INA
ئەمرۆ پێنج شەممە " لەتیف جەمال ڕەشید " سەرۆک کۆمار،ڕایگەیاند : کە سەقامگیری ئەمنی بەردی بناغەی گەشەسەندن و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری وڵاتە و ئاماژەی بەوەشدا کە پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر هەیە لەنێوان دامەزراوەو دەزگا ئەمنییەکاندا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك کۆمار ، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەوڵی عێراقی(INA)ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : ئەمرۆ لە کۆشکی بەغدا سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە لیوا "عەبدولئەمیر شەممەری" وەزیری ناوخۆو وەفدی یاوەری.
وەك ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لەدیدارێکدا دۆسیەی ئەمنی و ڕێوشوێنەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیەکان له دوای پێشکەوتنەکانی ناوچەکە تاوتوێکران و باس لە هەوڵەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی ناوخۆ کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر بنەمای ڕۆڵی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دەستوور و یاسا یارمەتیدەر بووە لە ئازادکردنی نزیکەی 15 هەزار دەستگیرکراو کە حوکمەکەیان بەسەرچووە و تەئکیدی لەسەر گرنگی پەیڕەوکردنی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ لە گرتووخانە و بەندیخانەکاندا کردووە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار داوای هەوڵی هاوبەشی کرد بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگادا
و پەرەپێدانی کاری هاوبەش بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو گروپەکان لە مەترسییە کۆمەڵایەتییەکانیان.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو: لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆ پشتیوانی بەردەوامی سەرۆک کۆماری بۆ وەزارەت و کادرەکانی بەرزنرخاند و هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی بۆ پەرەپێدانی پلان و ستراتیجی ئەمنی خۆی ڕوونکردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئاستەنگەکانی ئێستادا بگونجێت و ئاسایش لە سەرانسەری وڵاتدا بەهێز بکات.