هەولێر - INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژەنەراڵ كێڤن لێیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایگەیاند پێویستە كورد مافەكانی پارێزراوبێت.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا كرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: سەرباری دەركەوتنی هەندێك ئاماژەی ئەرێنی لە سوریاوە، بەڵام بارودۆخەكە بە گشتی هەستیارەو هیوای خواست لە سوریای نوێدا مافی هەموو پێكهاتەكان و بە تایبەتیش مافەكانی كورد پارێزراوبێت.
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: پێویستە كورد لەم بارودخەدا یەكگرتوو و یەك دەنگ بێت و پێگە و مافەكانی لە سوریایەكی یەكگرتوو و دیموكراتی گەرەنتی بكرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی مەترسی گروپە تیرۆریستییەكان و بە تایبەتیش داعش بۆسەر سەقامگیری ناوچەكە كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە داعش هێشتا مەترسییەكانی گەورەیەو هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم كرا، لەمبارەیەوە دواین كۆبوونەوەی وەفدەكانی دانووستانكاری یەكێتی و پارتی بە ئەرێنی هەڵسەنگێندران و جەختیش كرایەوە لەسەر هەنگاوی كردەیی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان.