بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاڕاستەی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی كرد بۆ ئامادەكردنی میكانیزمی پێدانی قەرز بۆ پڕۆژە پیشەسازییەكان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بە ئامانجی پاڵپشتیكردنی پڕۆژە پیشەسازییەكان، بە شێوەیەك كە بەشداربێت لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و بەهێزكردنی ئابووری نیشتمانی، و زیادكردنی هەلی كار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ڕێنمایییەكی دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان، كە میكانیزمەكانی پێدانی قەرزیان بۆ پڕۆژە پیشەسازییەكان و رێنماییە پێویستەكان بۆ دیاریكردنی بڕی حجزكردن و وەرگرتنی ئەو گەرەنتیانەی كە بۆ ئەم قەرزانە دابینكراون ئامادەكردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: پەسەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ڕاسپاردەكانی لیژنەكە لە 9ی كانوونی دووەمی 2024 دەرچووە، و رونیشیكردەوە: رێنماییە نوێیەكان بریتین لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی سەرۆك وەزیران بۆ پێدانی قەرز بە كەمكردنەوەی سوود و مەرجی ئاسان، بە ئامانجی ئاسانكاری بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی پیشەسازی نوێ، بە هاوكاری لەگەڵ بانكە سەرەكییەكانی حكومەت، بۆ دڵنیابوون لە پشتگیری دارایی بۆ وەبەرهێنەران لە كەرتی پیشەسازی.
نوسینگەكە راشیگەیاند: حكومەتی عێراق ئامانجی ئەوەیە كە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی دیار و كاریگەریان هەبێت لە پاڵپشتیكردنی پڕۆژە پیشەسازییەكان، بە زیادكردنی وەبەرهێنان لەو بوارەدا، بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی كارگە و پەرەپێدانی بیرۆكەی نوێ كە پێداویستییەكانی بازاڕی ناوخۆیی دابین بكات ، لەگەڵ گرنگی هێنانی شارەزایی و تەكنەلۆژیای مۆدێرن لە كۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكانەوە، رونیشیكردەوە: حكومەت بە شێوەیەكی كردەیی و كاریگەر هەوڵدەدات ئامانجی پەرەپێدانی پڕۆژە پیشەسازییەكان بە بەردەوامیی ژینگەیی زیاتر بكات و پشتگیری كۆمەڵگا بكات لەڕێگەی بەرنامەكانی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتییەوە كە كۆمپانیا و كارگەكان پابەندبن پێیەوە.
ئاشكراشیكرد: حكومەتی عێراق هەوڵە بەردەوامەكانی دووپاتدەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی هاوكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت، كە دەبێتە هۆی هەڵسانەوەیەكی پیشەسازیی هەمەلایەنە كە سوودی بۆ هەردوولا و بۆ ئابووری نیشتمانی بەگشتی دەبێت.