نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆدەبێتەوە

سیاسی
  • 17-12-2024, 13:04
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ سێشەممە 2024/12/17، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ژەنەراڵ كێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، كرد.
    بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری كاروباری پێشمەرگە ئامادەی بوو، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرا، هەروەها لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی پاشماوەكانی داعشدا، جەخت لە پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا، كرایەوە.
    هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، نێچیرڤان بارزانی، وێڕای داكۆكی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ستایشی هەماهەنگیی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەكان كرد، هەروەها هاوكاریی بەردەوامی نێوان هەموو لایەنەكانی بە كلیلی بەهێزكردنی ئاسایش لە عێراق، لەقەڵەمدا.
    لای خۆیەوە، ژەنەراڵ لێیهی، ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی لە شەڕی دژەتیرۆردا كرد و پابەندیی هێزەكانی هاوپەیمانانی بۆ بەردەوامیی پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەكانی داعش. 
    هەروەك داكۆكی لە بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژكردنی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی ئێستای ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.