مەشهەدانی: عێراق پابەندە بە پشتیوانیکردن لە پرسەکانی نەتەوەی عەرەبی بەتایبەتی فەلەستین

سیاسی
  • 16-12-2024, 22:02
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    ئەمڕۆ دووشەممە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران عێراق دووپاتیکردەوە، عێراق پابەندە بە پشتیوانیکردن لە پرسەکانی نەتەوەی عەرەبی، بەتایبەتی فەلەستین.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاند" مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندی یاوەری سەردانی بینای ئەنجومەنی پیرانی ئوردنیان کرد و لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەن فەیسەڵ ئەلفایزەوە پێشوازی لێکرا.
    لە میانی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک تەوەری گرنگی پەیوەست بە کاروباری سیاسی و ئابووری و ئەمنی ناوچەکە تاوتوێ کران، ئەمە جگە لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا.
    مەشهەدانی جەختی لەگرنگی یەکگرتوویی ڕیزه‌كانی عەرەبی و هاوکاری بەردەوامی نێوان وڵاتانی عەرەبی کردووەتەوە، هه‌روه‌ها جەختی له‌پێویستی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنە یاسادانانەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای ناوچه‌كه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان كرده‌وه‌.
    مەشهەدانی داوای بەهێزکردنی یەکڕیزی ڕیزەکانی عەرەبی لە بەرامبەر قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا كرد و جەختی لەوە کردەوە کەعێراق پابەندە بە پشتیوانی کردن لە پرسەکانی نەتەوەی عەرەبی، بەتایبەتی پرسی فەلەستین.
    سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران وتی" عێراق هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە خاکی خۆیان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، جەختی لەسەر زەروورەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتی ئاوارەكردنی گەلی فەلەستین كرده‌وه‌، ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین فەلەستینییەکان بە زۆر لە خاکەکانیان ئاوارە بکات، ئێمەش به‌یەک ڕیزی دەوەستین بۆ پشتیوانی لە مافە ڕەواکانیان."
    لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئوردن، فەیسەڵ ئەلفایز، بەخێرهاتنی مەشهەدانی و شاندی پەرلەمانی یاوەری کرد، هەروەها جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی ئوردن لە پاڵپشتیکردنی یەکڕیزی گەلی سوریا کردووەتەوە، هه‌روه‌ها جەختی كرده‌وه‌ لەگرنگی پشتگیریکردنی سوریا لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەدا دوای چەندین ساڵ لە شەڕ.
    لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هاوکاری نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پیرانی ئوردن لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری، و کاری هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی عەرەبی کردەوە.