بەغدا-INA
ئەمڕۆ هەینی"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆك وەزیران،ڕایگەیاند : عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە،لەوانەی کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی ئینتقالی لە سوریا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران،لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە: "محەمەد شەیاع سودانی" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە "ئەنتۆنی بلینکن " وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان و هاوکاری هاوبەش کرا، هەروەك گفتوگۆ کرا لەسەر و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ئێستای سوریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سوریا و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی کردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگە نوێ کردەوە، هەروەك وتی : گرنگە وڵاتانی دۆست هاوکاری سورییەکان بن لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان، و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر ئاشتی مەدەنی، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ دڵنیابوون لە بەهێزکردنی سەقامگیری، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە لەو کەسانەی کە ئێستا بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : "سودانی" ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ڕێگە نەدرێت دەست درێژی بکرێتە سەر خاکی سوریا لە لایەن هیچ لایەنێکەوە، چوونکە ئەمە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
لە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەسەر ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ لایەنی عێراقی و پێویستی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردەکانی گەلی سوریا و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا و هەمەچەشنی پێکهاتەکانی بێت، و ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی عێراق کرد، کە نوێنەرایەتی هاوبەشێکی سەرەکی دەکات لەناوچەکە، و گرنگی ڕاوێژکردن لەگەڵیدا لەو پێشهاتانەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق.
هەر لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتوە : لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە ڕووداوەکانی غەززە و گرنگی بەردەوامیدان بە کارکردن کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، و جەخت کرایەوە لەسەر خستنەگڕی هەموو هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە لوبنان.