نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە سوپاسالاری بەریتانیا دەكات

سیاسی
  • 12-12-2024, 14:31
  • +A -A

    هەولێر - INA
    پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/12/12، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەدمیراڵ سێر ئەنتۆنی ڕاداكین، سوپاسالاری بەریتانیا و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری، كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە كۆبوونەوەكەدا كە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری كاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەی بوون، دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتە خێراكانی ناوچەكە، بەتایبەتی لە سووریا و ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ كرا، هەروەها پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، خرایە بەر باس.
    هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵ و پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیای لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ هێزەكانی بەریتانیا دووپات كردەوە كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان دەدەن لە پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و یەكخستنەوەی پێشمەرگە.
    لای خۆیەوە، ئەدمیراڵ ڕاداكین پابەندیی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیی زیاتر و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا، دووپاتكردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاریكاری و هەماهەنگی كرد بۆ دڵنیابوون لە بەرەنگاربوونەوەی سەركەوتووانەی مەترسییەكانی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا خرانە بەر باس.