سەرۆك وەزیران ئاراستەی كارئاسانی بۆ تەواوكردنی چارەسەری منداڵێكی قوربانی تیرۆر لە دەرەوەی عێراق دەكات

سیاسی
  • 12-12-2024, 13:51
  • +A -A

    بەغداد - INA 
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئاڕاستەی كارئاسانی بۆ تەواوكردنی چارەسەری منداڵێكی قوربانی تیرۆر لە دەرەوەی عێراق كرد.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە منداڵە بێ باوكە بریندارەكە (عەبدولسەلام) كرد، كە تەمەنی 9 ساڵەو قوربانیی تیرۆرە، بە یاوەری هاوڵاتی مەنهەل ئەحمەد عەكلە، كە چاودێری دەكات و كارمەندی سوپای عێراقە، دوای ئەوەی لە شەڕەكانی ڕزگاركردنی موسڵ لەگەڵ ژمارەیەك منداڵی تردا ڕزگاری كرد.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: سەرۆكی وەزیران بەدواداچوونی بۆ ڕەوشی تەندروستی ئەو منداڵە كردووە كە لە كاتی شەڕەكاندا بە سەختی بریندار بووە و دایك و باوكی لەدەستداوە، پێشتریش نەشتەرگەری بۆ كرابوو بە سەرپەرشتی سەرۆكی وەزیران و ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها  لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاراستەكرد ئاسانكاری بۆ تەواوكردنی چارەسەرەكەی لە دەرەوەی عێراق بكەن و گەشتكردنی بۆ ئیسپانیا ڕێكبخەن بۆ تەواوكردنی نەشتەرگەریەكان.
    بەپێی بەیاننامەكە سەرۆك وەزیران ئاراستەی كرد، باڵیۆزخانەی عێراق لە مەدرید، هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش بكات، هەروەها بڕە پارەیەك تەرخان كرا بۆ ڕێكارەكانی گەشت و شوێنی مانەوەی لە كاتی چارەسەركردندا.