وەزیری دەرەوە: لە بەغداد كۆبوونەوەی گرنگ بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سوریا ئەنجام دەدرێت

سیاسی
  • 12-12-2024, 13:22
  • +A -A

    بەسرە - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، رایگەیاند:  كۆبوونەوە گرنگ لە بەغدادی پایتەخت سەبارەت بە دۆخی سوریا ئەنجام دەدرێت.
    وەزیری دەرەوە، لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەسرە، كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: دۆخی ناوچەكە بەتایبەتی لە سوریا زۆر ئاڵۆزە، بۆیە حكومەتی عێراق چەند دەستپێشخەرییەكی كرد و عێراق ناوەندێك بوو بۆ چالاكییە دیپلۆماسییەكان، كە بیرۆكەی نوێ بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان دەخرانەڕوو.
    ئاماژەی بەوەشكرد: كۆبوونەوە هەیە كە لە بەغداد یان ناوچەكانی دیكە ئەنجامدەدرێت سەبارەت بە دۆخی سوریا، پلانێكی تۆكمە لەخۆدەگرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم بابەتە.
     وتیشی: ئەركی عێراقە هەندێك بابەتی پەیوەست بە قەیرانی سوریا و گەلی سوریا بخاتەڕوو، بە ئامانجی گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریا لەخۆ بگرێت.
    لە چوارچێوەیەكی جیادا ئاماژەی بەوەشدا: عێراق لە ساڵڕۆژی سەركەوتن بەسەر چەتەكانی داعش ئاهەنگ دەگێڕێت، سوپاس و پێزانینی خۆیشی پێشكەشی، هێزە چەكدارەكانی عێراق و سەرجەم بەشەكانی كرد، لەوانە حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، پۆلیس و سوپا، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەی كە هاوكار بوون لە پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، چ وڵاتانی دراوسێ یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
    وتیشی: عێراق بەشێكە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و لە هەر شوێنێك تیرۆر هەبێت، بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی.