بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە گرنگی گەرەنتی نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریا لە سیستمی نوێدا كرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس بیستوریۆس و شاندی یاوەری كرد.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆكرا لە بارەی لە بارودۆخی سوریا و دوایین پێشهاتەكانی ئەو وڵاتە و ڕۆڵی ئەوروپی و نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی سوریاییەكان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و پاراستنی یەكڕیزی و ئاسایشی سوریا، هەروەها جەختكرایەوە لە پێویستی دەستوەرنەدان لە كاروباری سوریا و خەڵك خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵاتەكەیان بدەن.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران ئامادەیی عێراقی، بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ سوریاییەكان لەم قۆناغە گرینگەدا ڕاگەیاند،و جەختیشیكردەوە: لە گرنگی گەرنتیكردنی نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی گەلی سوریا لە سیستمی نوێدا، بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی ئەو خەڵكە كە شایستەی ژیانن لە ئاشتی و ئارامیدا.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: كۆبوونەوەكە شایەتحاڵی گفتوگۆكردن بوو لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا، لەگەڵ باسكردنی هاوكاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكاندا، هەروەها ئاماژەكرا بە ڕۆڵی ئەڵمانیا لە پشتیوانیكردنی عێراق لە چوارچێوەی نوێنەرایەتی ڕێكخراوی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بەپێی بەیاننامەكە، سودانی جەختی لە پەرۆشی عێراق كردەوە بۆ بەردەوامی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا وەك هاوبەشێكی ئابووری گرنگ.
لای خۆیەوە بیستوریۆس سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای گەیاندە سەرۆك وەزیران، و خواستی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەكان لە بواری مەشق و ڕاهێنان، و فراوانكردنی لە بوارەكانی دیكەدا، بەگوێرەی ئەوەی كە ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو، لە سەردانەكەی ساڵی ڕابردووی سودانی بۆ بەرلین.
جەختیشیكردەوە: عێراق هاوبەشێكی دیارە بۆ ئەڵمانیا، كە گرنگی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی دوو قۆڵی لەگەڵیدا هەیە لە بوارە جیاجیاكاندا.