بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوە، رایگەیاند: عێراق پێشكەوتنی بەرجەستەی بەدەستهێناوە لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەكانی ژنان.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: عێراق هەڵوێستی خۆی لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەك دژی ژنان دووپاتدەكاتەوە، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكانی ئەو دامەزراوانەی عێراق كە ( هەڵمەتێكی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان) جێبەجێ دەكەن، دەردەبڕێت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: كۆماری عێراق پابەندبوونی خۆی نوێ دەكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دژی ژنان و كچان، بەو پێیەی ئەم توندوتیژییە پێشێلكردنی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان پێكدەهێنێت، ئەمە جگە لەوەی كە بەربەستێكە لەبەردەم گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
رونیشیكردەوە: هەڵمەتە نێودەوڵەتییەكە دەرفەتێكە بۆ پشتڕاستكردنەوەی پابەندبوونی پتەوی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جیاكاری دژی ژنان و ڕەتكردنەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەك كە ئاراستەیان دەكرێت، و ئاشكراشیكرد: كۆماری عێراق هاوپێوەندی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە ئامانجیان نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنانە وەك پرسێكی مرۆیی كە كاریگەری لەسەر هەموو كۆمەڵگا هەیە.
جەختیشیكردەوە: كۆماری عێراق پێشكەوتنی بەرجەستەی بەدەستهێناوە لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەكانی ژنان، و زیادكردنی بەشداریكردنیان لە ژیانی سیاسی و گشتیدا.