بەغدا-INA
ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاند عێراق ئەندامێکی سەرەکی ئەم هاوپەیمانێتییەیە و پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەدواداچوون بەدوایی گروپە تیرۆریستییەکاندا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە تێیدا هاتووە” سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی کرد لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا جەنەراڵ مایکل کۆرێلا و شاندەکەی یاوەری”.
هەروەها لە ڕاگەیندراوەكەدا ێەوەیش هاتووە كە لە دیدارەکەدا ”تاوتوێی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویدا کرا”، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ”عێراق ئەندامێکی سەرەکی ئەم هاوپەیمانێتییەیە و پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەدواداچوون بەدوایی گروپە تیرۆریستییەکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت”.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ئەوەیش هاتووەكە لە بەرامبەردا کورێلا جەختی لە ”پابەندبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستیدا”.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا تاوتوێی ”دوایین پێشهاتەکانی سوریا و کاردانەوە بەردەوامەکانی ناوچەکە کرا”، هەروەها سودانی جەختی لەسەر” گرنگی ڕێزگرتن لە هەڵبژاردەی ئازادانەی گەلی سوریا کردەوە و ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا لەم دۆخ و قۆناغی گواستنەوەدا”.
بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە ”پێویستی پاراستنی ئاسایشی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەلامەتی گەلەکەی و ئەو فرەچەشنییە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەی کرد، کە بەدەستی دەهێنێت ” هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە “پێویستە ڕێگە لە هەر هێرشێک بگیرێت بۆ سەر هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی سوریا یان پیرۆزییە ئایینییەکانیان و عێراق بەدوای ڕەوتی ڕووداوەکان و کردارە متمانەپێکراوەکاندا دەڕوات نەک قسەکان”.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە “عێراق بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێدا بۆ هاوکاریکردنی سورییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە”.