بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە "لەتیف جەمال ڕەشید "سەرۆک کۆمار،پێشوازیکرد لە "هەڵۆ عەسکەری " وەزیری ژینگە.
سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : لە سەرەتای دیدارەکەدا کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،سەرۆک کۆمار بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری ژینگە پیرۆزبایی لە وەزیری نوێی ژینگە کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و لە خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : هەر لەو دیدارەدا پلان و ستراتیژییەکانی وەزارەتی ژینگە بە ئامانجی پاراستن و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی وڵات تاوتوێ کرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان بە گشتی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی دیاردەی دەردراوی غاز و بۆنی زیانبەخش کە کاریگەری لەسەر کوالێتی هەوای بەغدای پایتەخت هەیە و کارکردن بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەیان، ئاماژەیکرد بە پێویستی بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و ئەمانەی بەغداد و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو جۆرە سەرپێچیەک کە زیان بە دۆخی ژینگەیی دەگەیەنن.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لای خۆیەوە وەزیری ژینگە هەنگاوەکانی وەزارەتی ژینگەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون و هەروەها پلانەکانی ئێستا و داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو ڕوونکردەوە بە شێوەیەک کە دۆخی سروشتی ژینگەیی لە وڵاتدا مسۆگەر بکات.