لەپاریس نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى له‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى نۆتردام دەکات

سیاسی
  • 8-12-2024, 11:00
  • +A -A

    هەولێر-INA
    ئێواره‌ى رۆژی شه‌ممه‌"نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان،له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى " ئيمانوێل ماكرۆن " سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا،له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌رۆك و ڕێبه‌رانى جيهان له‌ پاريس، بەشداريی لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی كاتێدرالى مێژوویيی نۆتردامدا کرد.
    سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ،تیایدا هاتووە : بانگهێشت و بەشداریکردنەی "نێچيرڤان بارزانى"  له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، نيشانه‌ى دۆستايه‌تى و په‌يوه‌نديى پته‌وى نێوان فه‌ره‌نسا و هه‌رێمى كوردستانه‌،هه‌روه‌ها گرنگيى ڕۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و په‌يوه‌ندييه‌ ديپلۆماسييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا نيشان ده‌دات.
    وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : جگه‌ له‌ په‌يوه‌نديى ديپلۆماسى،هاريكاريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى كولتووريدا، بوارێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانی هه‌ردوولايه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ندين بوارى چالاكييه‌ ڕۆشنبيرييه‌كان و شوێنه‌واردا، له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌ فه‌ره‌نسييه‌كاندا، هاوكاريى نزيكيان هه‌يه‌.
    بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : له‌باره‌ى به‌شداريكردنيي له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا" نێچيرڤان بارزانى " له‌ په‌يامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تیى ئێكس، ده‌ڵێت: ئه‌م ئێواره‌يه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانى ديكه‌ له‌ پاريس، به‌شداريم له‌ ڕێوڕه‌سمى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى كاتێدرالى ناودارى نۆتردامدا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوويييه،‌ موكوڕيمان له‌سه‌ر پاراستنى ميراتى هاوبه‌شى مرۆڤايه‌تيمان نيشان ده‌دات و پيرۆزبايى له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن کرد بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌يه‌.
    هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : دواى کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌" نێچیرڤان بارزانی" له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، له‌ كۆشكى ئێليزێ ئاماده‌ى ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ ميوانان و به‌شدارانى ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ى كردبوو.