بەغداد - INA
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، هەڵوێستی عێراقی نوێكردەوە بۆ پشتیوانیكردن لە یەكڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، لە كۆشكی سەلام لەبەغداد پێشوازی كرد لە بەسام سەباغ وەزیری دەرەوە و كۆچبەرانی سوریا و وەفدی یاوەری، كەلەدیدارەكەدا فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەبوو.
بەپێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریا و كاریگەرییەكانی لەسەرتاسەری ناوچەكە كرا و سەرۆك كۆمار پەرۆشی عێراقی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا دووپاتكردەوە بەشێوەیەك كە یەكپارچەیی و سەلامەتی گەلەكەی بپارێزێت و هۆشداریشی دا لە ئاكامەكانی ئەم ڕووداوە ئەمنیانە كە پێویستی بە ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هاوكات سەرۆك كۆمار هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی لە یەكڕیزی و سەروەری دەوڵەتی سوریا دووپاتكردەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەك كرد كە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێك كە ژینگەیەكی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵكی سوریا دەستەبەر بكات و ئاماژەی بەوەشكرد: كە عێراق هەموو هەوڵەكانی خۆی تەرخان دەكات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بكات.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوریا جەختیكردەوە: كە ڕووداوەكانی ئێستای سوریا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و سوپاسی هەڵوێستەكانی عێراقیشی كرد لە پشتیوانی سوریا .
هاوكات وەزیری دەرەوەی سوریا باسی ئەو پەیوەندی و ڕاوێژانەی كرد كە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخی سوریا و تەئكیدیشی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری هاوبەش كردەوە بەشێوەیەك كە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەكە.
عامری سهردانی ناوچهی سنووری قائیم دهكات