پەرلەمانتاران پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ حكومەتی سەرۆك وەزیران دەردەبڕن لە ڕێوشوێنەكانی بۆ روبەروبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەكان

سیاسی
  • 4-12-2024, 21:13
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ حكومەتی سەرۆك وەزیران دەربڕی لە ڕێوشوێنەكانی بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگە ئەمنییەكان.
    فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا - كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، دەڵێت: لە بەشداریكردنی پەرلەمانتاران لە میانەی میوانداریكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تیشك خرایەسەر تەوەرەكانی لایەنی ئەمنی و جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی عێراق كردەوە لەڕێگەی پابەندبوونی حكومەت بە ڕۆڵی خۆی لەبەهێزكردنی هەنگاوەكانی لەبواری ئەمنی بۆ ڕێگریكردن لەهەر پیلانێك كە هەوڵ بدات سەروەری عێراق بكاتە ئامانج، و تەئكیدكردنەوە، لەسەر یەكڕیزی بۆ ڕێگریكردن لە ناسەقامگیری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێكخراوەكان، و داوای گرنگیدان بە پارێزگاكان و ئەو ناوچانەی لە دەستی چەتە تیرۆریستییەكانی داعش ڕزگاركراون و یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.
    ئاماژەی بەوەشكرد: لە ڕووی ئابوورییەوە بەشدارییەكان بریتیبوون لە پێویستی ئاشكراكردنی ڕێژەی چاكسازی ئابووری و هەنگاوەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە لەلایەن حكومەتەوە گرتوویانە، هەروەها دوو هێندەكردنی هەوڵەكان بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام لەڕێگەی هەمەچەشنكردنی ئابوورییەكانی وڵات و زیادكردنی داهاتە نا نەوتییەكان، و نەك پشت بەستن بە نەوت بە تەواوی، جگە لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواوی و دوانەكەوتن لەناردنیان.
    رونیشیكردەوە: ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ حكومەتی سودانی دەربڕی لە ڕێوشوێنەكانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئەمنیانەی كە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی هاووڵاتیان، هەروەها ڕۆڵی حكومەتیان لە پاراستنی ئاسایش و تێكەڵنەكردنی عێراق بەرز نرخاند لە شەڕێكی بە وەكالەت، جگە لە هاوكاری هاوبەشی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی، لەگەڵ گرنگی بەڕێوەبردنی ڕێكارەكان بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی گەندەڵی، و بەدواداچوون بۆ ئەو فایلانە بەپێی بەرنامەی حكومەت.