قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كۆبووەوە

ناوخۆ
  • 28-11-2024, 13:27
  • +A -A

    هەولێر -   INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران پێشوازیكرد لە ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولا و بە تایبەتیش چۆنییەتی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە بواری ئەمنی و رێگریكردن لە دیاردەی كۆچی نایاسایی تاوتوێ كران.
    كۆبوونەوەكە رۆژی پێنج شەمە(28/11/2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەكە لە جەلال شێخ ناجی، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و، كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادە بوون.
    لە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتی بەریتانیا لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتیش لە بواری هەماهەنگی ئەمنی بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكانی كۆچی نایاسایی و رێگریكردن لە تاوانی رێكخراو و قاچاخی مادەی هۆشبەر، ستایشی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە كرا كە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە و خوازیاربوون لە داهاتوودا لەمبارەیەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت.
    هەر لەم چوارچێوەیەدا سەبارەت بە چۆنییەتی كەمكردنەوەی دیارەی كۆچی نایاسایی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەی دەبێت لەڕووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر لەمبارەیەوە بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕكردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا پێكەوە كاربكەن تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابوری قەزا و ناحییەكان بدرێت، چونكە گەشەسەندنی ئابوری و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لەناو گەنجان لە ناوچە جیاوازەكان چارەسەری بنەڕەتییە بۆ نەهێشتنی دیاردەی كۆچی نایاسایی.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی روونی كردەوە گفتوگۆكان لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەستی پێكردوە. وتیشی ئێمە خوازیاری پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزارین كە بتوانێت كێشە بنەڕەتییەكانی خەڵكی كوردستان بە تایبەتیش كێشە ئابورییەكان و خزمەتگوزارییەكان چارەسەر بكات و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان باشتر بكات.