هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئێڤێت كووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/11/27 ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئێڤێت كووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ شانشینی یەكگرتوو،و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی هاوكاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێكخراو، كۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، سپیكردنەوەی پارە و تاوانی ئەلیكترۆنی، تاوتوێ كران.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، نێچیرڤان بارزانی، گرنگی بەهێزكردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەكان و تاوانە نێودەوڵەتییەكان دووپات كردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەكگرتووی كرد لە پشتگیریكردنی سەقامگیریی هەرێمی و پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و كارگێڕییەكانی.
لای خۆیەوە، ئێڤێت كووپەر وێڕای پیرۆزبایی بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد وەك هاوبەشێكی ستراتیژی لە بەهێزكردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە بەردەوامیی پابەندیی وڵاتەكەی كرد بۆ پشتیوانی و هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەكان لە ناوچەكەدا.
هەروەها پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیی جێیەجێكردنی دەستووری عێراق و چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات، مەترسییەكانی داعش، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.