بەغدا-INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە"محەممەد شیاع سودانی" سەرۆکوەزیران،لەگەڵ "ڤلادیمێر پوتین" سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی شەڕی ناوچەکە و هەماهەنگی هەردوولا بۆ سەقامگیری نرخی نەوت گفتوگۆیانکرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران،لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: "محەممەد شیاع سودانی"سەرۆکوەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن "ڤلادیمێر پوتین" سەرۆکی ڕووسیا پێگەیشتووە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و کۆماری ڕوسیا فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کرا، هەروەها ڕێگاکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنیان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتی دۆستدا بپارێزێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : هەردوولا پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکیان تاوتوێکرد،و جەخت لەسەر گرنگیی هەوڵی زیاتری وڵاتانی گەورە کرایەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و فراوان نەکردنی بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بکات.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی وزە و گرنگی هەماهەنگی نێوان هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار، لە چوارچێوەی سیاسەتی رێکخراوی ئۆپێک و گروپی ئۆپێک پڵەس، بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت و گاز کە گەرەنتی مانەوەی نرخی دادپەروەرانە بۆ لایەنی هەناردەکار و بەکاربەر بکات.