هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، تەئكیدیكردەوە: قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوامە، هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: هەفتەی داهاتوو قۆناغی سێی سەرژمێری دەستپێدەكات.
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر دلزار حەمە ساڵح، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق و هەرێم بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەك بەردەوامە، و داواشی لە هاووڵاتیان كرد پەیوەندی بە ژمارە 567 بكەن ئەگەر بژمێرەكان سەردانیان نەكردن.
ئاماژەی بەوەشكرد: كاتژمێر دوانزەی نیوەشەوی ئەمڕۆ، ئەم قۆناغە كۆتایی دێت، و وتیشی: قۆناغی سێیەمی سەرژمێری هەفتەی داهاتوو دەستپێدەكات و تا ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
رونیشیكردەوە: قۆناغی سێیەم پێویست ناكات هەموو ئەندامانی خێزانەكە لە ماڵەوە ئامادەبن، و وتیشی: لە كۆتایی قۆناغی سێیەمدا ئەنجامە سەرەتاییەكان دەردەكەون.