قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا كۆدەبێتەوە

سیاسی
  • 19-11-2024, 19:56
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازیكرد لە وەفدێكی سەربازی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتی كۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر، فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.
    لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێ شەمە(19/11/2024) بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و لیوا بەختیار ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە كۆلۆنێڵ تۆماس ریتەر كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك فەرماندەی نوێی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا، ئامادەی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەك بۆ هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان.
    دواتر جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی حكومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیای كرد كە رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ درێژكردنەوەی مانەوەی هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها ستایشی ئەڵمانیای كرد كە هەمیشە هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستان بووە بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگەدا.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە حكومەتی داهاتووش پشتیوانی پرۆسەی ریفۆرم بكات لە هێزەكانی پێشمەرگەدا.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ناوچەكە كرا، لەو چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە، هەربۆیە پێویستە ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی كوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان زیاتر بكرێت.