كەركوك - INA - مەهدی ربحاوی
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك محەمەد حافز، داوای لە هاوڵاتیان كرد هاوكاری تیمە مەیدانییەكان بكەن بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان.
حافز بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: سەرژمێری دانیشتوانی گشتی نوێنەرایەتی هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەكات لە داڕشتنی داهاتووی پارێزگاكەمان، بەو پێیەی تەنها پێوەرێكی تەكنیكی نییە، بەڵكو ئامرازێكی بنەڕەتییە بۆ دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی كەركوك و دەستەبەركردنی مافە گەشەپێدان و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی.
ئاماژەی بەوەشكرد: داوا لە هەموو لایەك دەكەم هاوكاری تەواو لەگەڵ تیمە مەیدانییە تایبەتمەندەكاندا بكەن كە كاردەكەن بۆ كۆكردنەوەی داتا، بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی كەركوك و پێكهاتەكانی لە سیاسەتە نیشتمانییەكان و بودجەی گشتیدا دەبیسترێت، دووپاتیشیكردەوە: هاوكاری هاوڵاتیان و وەڵامدانەوەی دروست و ڕاستگۆیانە بۆ فۆڕمی سەرژمێری گەرەنتییەكی بنەڕەتییە بۆ دیاریكردنی ئەو ئەولەویەتانەی كە پارێزگاكەمان پێویستی پێیەتی، لە باشتركردنی ژێرخانی ئابوورییەوە، بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەكان، تا دەگاتە ڕەخساندنی هەلی كار و گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام.