بەغدا-INA
ئەمرۆ یەکشەممە"قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و "عەباس عراقچی "وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیان لە گرنگی هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی ململانێکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و شاندی یاوەری لە تاران لەگەڵ "عەباس عراقچی " وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەیەکی فەرمییان ئەنجامدا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە کرا، هەروەها تاوتوێی مەلەفی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات و سەرکەوتنی حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکە کرا، هەروەك جەخت لەسەر بەردەوامی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بۆ سنوورەکانی هەردوو وڵات کرایەوە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : جەخت لە گرنگی هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی ململانێکان و گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو ئاستەکاندا کرایەوە.