سلێمانی - INA
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازی لە میری ئێزیدییان میر حازم تەحسین بەگ و هاوژینی كرد و پشتیوانی سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی دووپات كردەوە.
لە دیدارەكەدا كە ئەمڕۆ شەممە (9 / 11/ 2024) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جەختی كردەوە كە ماڵی مام جەلال وەك هەمیشە ماڵی هەموو ئێزدییەكانە و سڵاو و ڕێزی تایبەتی سەرۆك بافڵیشی پێگەیاندن.
میر حازم تەحسین و شاندی میوان ستایشی رۆڵی سەرۆك مام جەلالیان كرد لە بەرگریكردن لە كوردانی ئێزدی و خۆشحاڵی خۆیان بۆ تێگەیشتنی یەكێتی و سەرۆكایەتییەكەی لە خەموژانی ئێزیدییەكان دەربڕی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر دروستكردنی میكانیزمێكی هەماهەنگی لە نێوان یەكێتی و ئێزیدییەكان.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگی زانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە 8 ساڵی 2021 كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش بەركار بكرێت و كاری پێ بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هاوژینی میری ئیزیدییان داوای كرد هەموو لایەك هاوكاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی «گوتاری رق و كینە» و لە مبارەیەشەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەمووان هاوڕابوون لەگرنگی بەشداریكردنی ئێزیدییەكان لەسێكتەرە جیاجیاكانی دەسەڵات و دیاری كردنی نوێنەری تایبەت بە خوشك و برایانی ئێزیدی لە پێگەكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان. هەر بۆ ئەو مەبەستەش، قوباد تاڵەبانی ئەوەی بەگرنگ زانی كە لە حكومەتی داهاتوودا خزمەتی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.