فەرەنسا پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتیمانی لە عێراق دەكات

سیاسی
  • 7-11-2024, 15:11
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، پەیامی پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری فەرەنساوە پێگەیشت بەبۆنەی رۆژی نیشتمانی كۆماری عێراقەوە.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانەی پێشوازیكردنی لە پاتریك دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی كۆماری عێراق، لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە  پێگەیشت.
    لە نامەكەدا هاتوە؛
    "بەڕێز سەرۆك كۆمار
    بە شانازی و خۆشحاڵییەوە، بە ناوی خۆم و بەناوی فەرەنساوە، بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی كۆماری عێراقەوە پیرۆزبایی راستگۆیانە و گەرمی خۆم بە ئێوە و بە گەلی عێراق بگەیەنم.
    لە دوایین دیدارمانەوە، پەیوەندییەكانی عێراق و فەرەنسا بەردەوام لە پێشكەوتندا بوە، دڵنیابن لەوەی بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق.
    لە میانی سەردانەكەمدا، بەڕێز سەرۆك كۆمار ئەو رۆڵە گرنگەتان پشتڕاستكردەوە، كە عێراق لە ناوچەكەدا دەیگێڕێت لەكاتێكدا ئێمەش نیگەرانین سەبارەت بە فراوانبوونی بازنەی ململانێكان لە غەززە، كە بەرەو لوبنان پەرەیسەندوە و هەڕەشە لە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش دەكات.
    هیوادارم عێراق بەردەوام بێت  لەسەرخستنی دیالۆگی بنیادنەر لە ناوچەكەدا، لەم چوارچێوەیەشدا هیوادارم بتوانین پێكەوە كاربكەین بۆئەوەی بەزووترین كات كۆنفرانسی سێیەمی بەغداد رێكبخەین.
     هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە و حكومەت و گەلی عێراق دەخوازم.
    بەڕێز سەرۆك، رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ بەڕێزتان دوپاتدەكەمەوە.
     ئیمانوێل ماكرۆن".


    هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، لە میانەی دیدارەكەدا، كە لەكۆشكی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك كۆمار سڵاو و پێزانینی خۆی بە باڵیۆزی فەرەنسادا بۆ سەرۆك ماكرۆن نارد، هەروەها هیوای پێشكەوتن و گەشەسەندنی زیاتری بۆ گەلی فەرەنسا خواست. جەختیشیكردەوە: لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ فەرەنسا و بەهێزكردنی هاریكاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاكاندا.
    لای خۆیەوە دۆرێل جەختیكردەوە: لە پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی هاریكاری هاوبەش لەگەڵ عێراق، هەروەها بەردەوامبوون لە هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەردوو گەلی دۆست بكات.