ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە سەرژمێریی دانیشتووان دەكات 

سیاسی
  • 6-11-2024, 18:12
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: نابێت سەرژمێری هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور هەبێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میكانیزم و ڕێكارە دەستوورییانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگیر كراون.
    نوسینگەی رایگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عیًراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    ئاشكراشیكرد: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و بە سەركەوتنی خەڵكی كوردستانی ناوبرد و وتی: پرۆسەكە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەكی سەركەوتوو و لە كەشێكی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماكانی دیموكراسی بەڕێوەچوو، كە ئەمەش دەستكەوتێكە بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دیموكراسی و نیشانەی ئاستی بەرزی هوشیاری خەڵكی كوردستانە.
    سەرۆك وەزیران جەختیشیكردەوە: كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەجێبەجێكردنی ئەركە سەرەكییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی، تا پێكهێنان و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
    لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایە ڕوو. كە ئاماژەی بە دەرەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لە بەغدا لە 2024/10/31 بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە كوردەكانی حكومەتی فیدراڵ كرد.
    لە بەشێكی دیكەی ئەم تەوەرەدا، ئاماژە بە بڕیاری كۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ درا سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان و هەڵسەنگاندن بۆ بڕگەكانی بڕیارەكە كرا.
    لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پلاندانان و شاندنی حكومەتی هەرێم كە شێلگیرانە داكۆكیان لە مافە دەستووریەكانی خەڵكی كوردستان كردووە، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات كردەوە، هەروەك جەختیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان، چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەكە تۆماركردووە تاوەكوو سەرژمێریەكە جێی ڕەزامەندی هەموو پێكهاتەكان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیكەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان. هەروەها جەخت كرایەوە كە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەك، بۆ مەبەستی سیاسی بەكار نەهێنرێت و هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەكلاكردنەوەی پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ( ناوچە كێشە لەسەرەكان) نەبێت و بەهیچ جۆرێك نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میكانیزم و ڕێكارە دەستووریانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگیر كراون ، هەروەك دادگای باڵای فیدڕاڵیش لە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010 جەختی لێ كردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ئەو پێشنیارانەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسەندكران، بگەیەننە حكومەتی فیدڕاڵ و داواش لە هەموو لایەنە كوردستانییە پەیوەندیدارەكان لە هەرێم و بەغدا كرا كە لەمبارەیەوە، پشتیوان و هاوكاربن .
    بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لە بارەی دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێك ڕێكاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024 ، كە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایەڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: لەسەر ئەوەی پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەك، مووچەی هەرێمی كوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەكات لە دابینكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم ، بەڵكوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەكانی دیكەی عێراق ، مووچەی هەرێمیش لە كاتی خۆی و بە بێ كەموكوڕی خەرج بكات هەروەك دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەكانیدا داوای كردووە بابەتی مووچە تێكەڵی هیچ ناكۆكییەكی نێوان هەردوو حكومەت نەكرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناكۆكیەكی سیاسی، تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە دوا بڕیاری خۆی، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند كردووە كە بەردەوام بێت لە خەرجكردنی مووچەی هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ. 
    هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم ، لە ماوەی ڕابردوودا، سەرجەم كەموكورتی لیستەكانی مووچەیان ڕاستكردووەتەوە و ناردویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەوانەشی كە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نیە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەك دوا وادە دەستنیشانكراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەكات كە بە زووترین كات، مووچەی مانگی 10 خەرج بكات و ڕێكاریی جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕێكارە داراییەكان.
    لە بڕگەی كۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ماددەی 12ی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كرا و ئەنجامی دوا كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان، لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت و شاندی دانوستانكار خرایە ڕوو.
    ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات كردەوە كە دەبێ هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمو دەست پێ بكاتەوە كە ئەمەش لە بەرژەوەندی حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و تەنانەت كۆمپانیا نەوتیەكانیشە، ئەنجومەنی وەزیران هیواخوازە كە هەمواركردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستانیش، هەناردەی بازاڕە جیهانییەكان بكرێتەوە كە بێگومان ڕۆلێ سەرەكی دەبێت لە زیادكردنی داهاتی گشتی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا.