ئەمڕۆ.. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات

جیهانی
  • 5-11-2024, 10:06
  • +A -A

    به‌دواداچوون  -INA

    هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کاتژمێر 7ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا دەستپێدەکات و بڕیارە 47یەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.

    ئه‌مڕۆ 5ـی تشرینی دووەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەستپێدەکات و   زیاتر لە 230 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 186 ملیۆن کەس ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە و نزیکەی 130 هەزار ناوەندیش لە سەرتاسەری وڵاتەکە بۆ دەنگدەران تەرخانکراوە.لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زیاتر لە 75 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا کردووە و ئەمڕۆ کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەبێت بۆ ئەوەی 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت.

    لەم دەنگدانە دوو کاندیدى سەرەکیی رکابەریی یەکتر دەکەن، لە کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ و لە دیموکراتەکانیش کامالا هاریس، کە ئەگەر بێتو هاریس زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنێت دەبێتە یەکەمین ژن لە مێژوى وڵاتەکە پۆستى سەرۆکى ئەمەریکا وەربگرێت.

    لەگەڵ پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى 47ـهەمین سەرۆکى وڵاتەکە، لەم دەنگدانەدا ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران هەڵدەبژێردرێن، کە ژمارەیان 435 ئەندامە و لە کۆى 100 ئەندامى ئەنجومەنى پیرانیش 34 ئەندام یەکلایی دەکرێنەوە.

    لە 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا تەنیا لە 3 ویلایەت نیو هامشەر و ئەلەباما و میسیسیپی ڕێگە نادرێت دەنگدەر پێشوەخت بچێت دەنگ بدات، بەڵکو تەنیا ڕێگە دەدەن لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگبدرێت و ئەویش بۆ ئەو دەنگدەرانەی هۆکارێک هەیە وەهایان لێدەکات نەتوانن لە ڕۆژی دەنگدانەکە دەنگی خۆیان بدەن.