بەغداد - INA - نصار ئەلحاج
ئەمڕۆ هەینی، لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان وادەی پەسەندكردنی ڕەشنووسی یاسای پاراستن لە زیانەكانی تووتن دیاریكرد.
سەرۆكی لیژنەكە ماجد شەنگاڵی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: یاسای پاراستن لە زیانەكانی تووتن دوو جار خوێندنەوەی بۆ كراوە، ئێستاش لە پرۆسەی یەكلاكردنەوەیدایە بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم دەنگدان، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان.
ئاماژەی بەوەشكرد: لیژنەكە لە پرۆسەی یەكلاكردنەوەی هەندێك بابەتی پەیوەست بە یاساكەدایە، دوای ئەوە دەخرێتە بەردەم فەرمانگەی یاسادانان بۆ ئەوەی یەكلایی بكاتەوە بۆ داڕشتنەكەی، دواتر پێشكەش دەكرێت بۆ دەنگدان لە پەرلەمان.
وتیشی: یاساكە چەندین بڕگەی تێدایە، لەوانە قەدەغەكردنی (نێرگەلە) و شتی تر لە شوێنە داخراوەكاندا، نەكێشانی جگەرە و جگەرەی ئەلیكترۆنی لە فەرمانگە و دامەزراوەكانی حكومەت، قوتابخانە، زانكۆ، شوێنەكانی خواپەرستی، و بەنزینخانەكان، و سەپاندنی غەرامەكردن بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر كەسێك كە سەرپێچی ئەم ڕێنماییانە بكات.
رونیشیكردەوە: لیژنەكە مۆری باج لەسەر پاكەتەكانی جگەرە دادەنێت، ئەوەی بە مەعسەل ناسراوە و هتد، هەرچی بە شێوەیەكی نافەرمی دێتە ژوورەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەروەها جۆرێك لە باجی گومرگی بەسەر ئەو جگەرەدا دەسەپێنرێت كە دێنە ناو عێراقەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە بەشێكی زۆریان دەینە ژوورەوە بە باجی گومرگی كەم.
جەختیشیكردەوە: یاساكە ڕێگری دەكات لە پەرەپێدان و ڕیكلامی جگەرەكێشان، بە ئامانجی بە یاساییكردن و ڕێكخستنی جگەرەكێشان و قەدەغەكردنی بەتەواوی لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە.