بافڵ تاڵەبانی :پرۆسەی هەڵبژاردنم بەدڵ بوو

سیاسی
  • 30-10-2024, 16:04
  • +A -A

    هه‌ولێر -INA

    بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، " پرۆسەی هەڵبژاردنم بەدڵ بوو ، ئاماژەی بەوەش کرد كه‌ دوای هەڵبژاردن کۆتایی بە پرۆسەکە نەهاتووە، بەڵکو ئێستا قووڵایی پرۆسەکە دەستپێدەکات و دەکەوێتە سەر ئەوەی کام لایەن بەهێزە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت." 

    بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە له‌ شاری هه‌ولێر ‌بەشداری لە دیداری مێری کرد په‌یامنێری ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ئاماده‌یی بوو له‌ پانێڵه‌كه‌دا رایگەیاند، زۆر خەڵک پێیان وایە کۆتایی بە پرۆسەی هەڵبژاردن هاتووە، بەڵام لە راستیدا ئێستا پرۆسەکە دەستپێدەکات.

    هه‌روه‌ها تاڵەبانی لە دیدارەکەدا ئه‌وه‌یش وت كه‌ :، رام زۆر باش بوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشەی ئێمە زۆر باش بوو، زۆر سەرکەوتوو بووین، بەرنامەی کاری هەندێک لایەنمان باش تێکدا، بەڵام ستراتیژم لەناو پلانی لایەنە سیاسییەکان نەبینی، هەرچەندە ئەمە لەلایەک زۆر باش بوو، چونکە بۆ جاری داهاتوو دەزانیت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، لەگەڵ ئەوەش تا رادەیەک نامۆ بوو بەلامەوە.

    ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن یەکێتی ئامانجی ئەوەبوو خەڵک بێتە سەر سندوقی دەنگدان، کەشێک دروست بکەین کە خەڵک باوەڕی بە پرۆسەی سیاسیی هەبێت، خەڵك بزانێت کە رای گرنگە بەلای ئێمەوە، لەمەشدا سەرکەوتووبووین.

    لە درێژەی قسەکانیدا تاڵەبانی وتی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن 12 مایکم شکاند، شاناز خان مۆزەخانەیەکی بۆ کردووەتەوە و مایکە شکاوەکانی تێدا هەڵگرتووە.

    ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو وڵاتێک پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەیە، کە وەک چاودێر بێت بەسەر لایەنەکانەوە، گەورەترین هەڵە کە کاک نەوشیروان کردی ئەوەبوو باڵانسی هێزی لە کوردستان تێکدا، دەستی بە پرۆسەیەک کرد کە نەیتوانی تەواوی بکات، روونیش بوو کە پێی تەواوناکرێت ئەمەش کوردستانی زۆر ئازاردا، خۆشی هەستی بەوەکرد ویستی چاکیبکاتەوە، بەڵام چەند کەسێک هەبوون لەناو یەکێتی رێگربوون لەو پرۆسەیە و تێکیاندا.

    وتیشی، ئەگەر ئەم هەڵبژادنەش نەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کاک شاسوار تووشی هەمان سەرئێشە دەبێت، کە گۆڕان تووشی بوو.

    ئاماژەی بەوەش کرد لە درێژەی قسەکانیدا لە دیداری مێری وتی، یەکێتی ناترسێت لە رکابەر، ناترسێت لە کەشێکی دیپلۆماسی و سیاسی، ئێمە حەزمان لەم کەشە هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەوە مەکەن پەشیمان ببینەوە لە قسەکانمان.


    ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌ “یەکێتی تێبینی هەیە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا دەکەین، هەرگیزیش پەشیمان نابینەوە لەو بەڵێن و قسانەی کە کردوومانە، لەگەڵ ئەوەشداین خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەماوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی راستەقینە دروستبکەین نەک بیروبۆچوونی کەسێک دامەزراوەیەک بەڕێوەببات”.


    دەشڵێت، پێویستە دان بەهەڵەکانی رابردووماندا بنێین، زۆر کەموکورتی هەیە دەبێت چاکبکرێتەوە، وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ داتایەکی فرۆشتنی نەوت نییە و کەس نازانێت پرۆسەی فرۆشتنی نەوت چۆنە، پێم وانییە بەباسکردنی داهاتی نەوت یەکڕیزی کورد تێکبچێت، لە دهۆک منداڵەکانمان لە خوێندنگەکان وەرناگرن، دەڵێن دەبێت ببیت بە پارتی، ئەمە چ حوکمڕانییەکە؟ ئێمە باسی رووخاندنی ئەم حوکمڕانییە دەکەین، نەک رووخاندنی پارتی.


    لە کۆتایی پانێڵەکەی مێری و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەک رێکبکەوین، بەڵام ئەگەر لایەنێک نەیات چاوەڕێی ناکەین، ئێمە پرۆژە و بەرنامەی خۆمان هەیە، بەڵام خۆشترە بەیەکەوە کاربکەین.