بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی رەوتی حیكمە سەید عەمار حەكیم، تەئكیدیكردەوە: كە حكومەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە كەشوهەوای سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەكیدا ئەركەكانی لە ئەستۆ گرتووە و هەنگاوی جددیشی ناوە لە بواری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان.
سەید حەكیم لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنەكەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، ڕایگەیاند: بینای دەوڵەت پێویستی بە كەشوهەوای سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری سەقامگیر هەیە، لە كاتێكدا عێراق قۆناغێكی شەڕ و پێكدادانی پێكهاتەكانی تێپەڕاند، بەڵام ئەمڕۆ دۆخێكی سەقامگیری بێ وێنە لە ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنیدا ئەزموون دەكات كە بووەتە هۆی دۆخی بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان.
ئاماژەی بەوەشكرد: سەقامگیری سیاسی سەقامگیری ئەمنی دەهێنێت، ئەوانیش سەقامگیری ئابووری بەدیدەهێنن و لەوێشەوە سەقامگیری كۆمەڵایەتی و تێكەڵبوونی كۆمەڵگا لەگەڵ سیستەمی سیاسی، بەو پێیەی ئەم پلەبەندییە دەبێتە هۆی كرانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
وتیشی: حكومەتی سودانی ئەركەكانی لە كەشوهەوای سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەكیدا گرتووەتە ئەستۆ، كە كەڵەكەبوونی كارەكانی حكومەتەكانی پێشووە، ئەمڕۆ شاهیدی ئاستێكی ڕەزامەندی جەماوەریین بەرامبەر بە حكومەت و لە ئەنجامدا هەنگاوی جددی هەیە كە لە بواری خزمەتگوزاری و گەشەپێدان بەدەست هێنراون.