ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی سودانی كۆبوەوە

سیاسی
  • 29-10-2024, 20:51
  • +A -A

    بەغداد - INA 
    ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد، لەوانە وەزارەتی دارایی بڕی (10) ملیار دیناری لە یەدەگی فریاگوزاری بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخانكرد.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتیی چل و چوارەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، كە تیادا بارودۆخی گشتی لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ كرا، و بەدواداچوون بۆ فایل و بابەتەكانی ناو بەرنامەی كار كرا، و بڕیاری پێویست سەبارەت بەوانە درا.
    بەپێی بەیاننامەكە ئاماژە بەوەشكراوە: لە سەرەتای دانیشتنەكەدا، سەرۆك وەزیران وتارێكی پێشكەشكرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵەی پێكهێنانی حكومەت، و ئەنجامدانی یەكەم دانیشتنی خۆی لە ڕۆژی هەینی 28ی تشرینی یەكەمی 2022، لە كە پێداچوونەوەی بە گرنگترین هەنگاوەكانی حكومەت و ئەو ئامانجانەی كرد كە لە بەرنامەی حكومەتەوە بەدەست هاتوون، كە نوێنەرایەتی دیدێكی واقیعی دەكات بۆ پێداویستییەكانی عێراق و خواستەكانی هاووڵاتیان.
    هەروەك لەبەیاننامەكەدا هاتووە: سودانی پێداچوونەوەی بە دەستكەوتی گشتیی حكومەتدا كرد، كە گەیشتە 62%ی كۆی ئامانجەكان لە ماوەی تەمەنی حكومەتدا هەروەها ئاماژەی بە ژمارەی پڕۆژە بەردەوامەكان بۆ وەزارەتەكان و پارێزگاكان كرد، كە بڕی (8,934) پڕۆژە، بووە. لەكاتێكدا ژمارەی پڕۆژە دواكەوتوو و وەستاوەكان لە (1471) پڕۆژە بۆ (916) پڕۆژە كەمبووەتەوە، هەروەها كاركردن لەسەر (555) پڕۆژە بۆ وەزارەتەكان، و (442) پڕۆژە لە پارێزگاكان دەستیپێكردەوە.
    سودانی ڕاشیگەیاند: ڕێوشوێنەكانی حكومەت لە پێنج ئەولەویەتی سەرەكیدا بووە هۆی كەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە (23%)ەوە بۆ (17.6%)، لەكاتێكدا ڕێژەی بێكاری لە (16.5%)ەوە دابەزی بۆ (14.4%)، جگەلەوەی  (962) خێزان لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و نزیكەی (7.6) ملیۆن هاووڵاتی لەگەڵ خزمەتگوزارییەكانیدا دەیانگرێتەوە.
    هەر بە گوێرەی بەیاننامەكە، دانیشتنەكە شایەتحاڵی ئەوە بوو كە وەزیری پلاندانان پێداچوونەوەی بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سەرژمێری دانیشتوان كرد كە لە 20ی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، و سەرۆك وەزیران وەزارەتی پەروەردەی ئاڕاستە كرد بۆ تەواوكردنی توانا مرۆییەكانی وەزارەتی پلاندانان كە پێویستیانە، یۆ تەواوكردنی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان.
    رونیشیكردەوە: ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام بوو لە ڕەچاوكردنی ئەو فایل و بابەتانەی كە لە بەرنامەی كاردا خراوەتەڕوو.
    هەروەك بە پێی بەیاننامەكە، ئەنجومەن ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردنی بڕی (10) ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی لە یەدەگی فریاگوزاری بۆ ساڵی 2024، بۆ وەزارەتی كارەبا/ كۆمپانیای هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، لەگەڵ چەندین بڕیاری تر سەبارەت بە سێكتەرەكانی تری حكومەت.